گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناوەڕۆكی كتێبە نوێیەكەی مەسعود بارزانی بڵاو كرایەوە

2020.10.26 - 13:21
ناوەڕۆكی كتێبە نوێیەكەی مەسعود بارزانی بڵاو كرایەوە

ناس کورد-

سەرۆ قادر ناوەڕۆکى کتێبە نوێیەکەى مەسعود بارزانى لەبارەى ریفراندۆمەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەوەى سەرنجراکێشە لەکتێبەکە ئەوەیە کە بارزانی دەڵێت لە پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا ئەوەی بینیان پشتكردن و شەقلێدان بوو لە بەهاكانی ئینسانی و ئەخلاقی مرۆڤایەتی.

 

 سەرۆ قادر لە بابەتێکدا لە پێگەى فەرمى خۆى کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە ( 26ی تشرینی یەکەمی 2020)، وردەکاریی و خوێندنەوەى خۆى بۆ سەرجەم بەشەکانى کتێبەکەى بارزانى کردووە.

 

دەقى نوسینەکەى سەرۆ قادر

 لە دوای ڕیفڕاندۆم کتێبێک”بۆ مێژوو”

 

سەرۆ قادر

 

سەرۆك مسعود بارزانی دوای سێ ساڵ كتێبێكی تایبەتی لەسەر ڕیفراندۆم و ئەنجامەكانی و لێكەوتەكانی نووسیوە. لەوێدا هەوڵیداوە مێژووی عێراق جارێكی تر بەسەربكاتەوە، لە هەموو قۆناغەكانییەوە  لە 1918 تاكو 2017، واتە پێش ئەوەی دەوڵەتی عێراق دروستبکرێت، ئەوكاتەی كە ئینگلیزەكان هاتن و عێراقیان كردە موستەعمەرەی خۆیان. هەروەها لە درووستبوونی دەوڵەتی عێراق و ماوەی پاشایەتییەکەی تا قۆناغی كۆماری و ئەو حكومەتانەی  یەك لە دوای یەك لە عێراق هاتوونەتە سەركار، هەموویانی بەسەركردووەتەوە، ئەویش لە پەیوەند لەگەڵ كێشەی كوردستان.

 

لە زنجیرەی مەنتیقیی خۆیدا، بارزانی ئەو باسەی ساغكردووەتەوە كە لەسەرەتاوە  ئینگلیز نەیویستوە كورد هیچ مافێكی هەبێت. سەرباری ئەوەی هەندێك ڕاسپاردەی لە حكومەتی نوێی تازە درووستكراوی دەستكردی خۆی لە عێراقدا كردوە بۆ ئەوەی بایەخێك بە بواری ڕۆشنبیری و زمانی كوردی بدرێت، دوایی لەوەش پاشەكشەی كرد. ئەو نوخبە سیاسییەی لەسەرەتاوە لە عێراقی عەرەبیدا درووستبوو، تاكو ئێستا یەك بەیەكەیانی شیكردووەتەوە و بە بەڵگە نیشانی داوە هەموویان لەسەر ڕێبازێك ڕۆیشتوون ئەویش ئینكاریكردن و پێشتگوێخستن و نكۆڵیكردن بووە لە هەبوونی میللەتی كورد. كوردستان و دانیشتوانی ئەو وڵاتەیان بە هاووڵاتی پاشخان و پەراوێز و بندەست و چەوسانەوە داناوە و هیچ حسابێكیان بۆ نەكردووە كە ئەوانە هاووڵاتی بەرابەر بن لەگەڵ عەرەبی عێراقدا. هەربۆیەش كورد لە مێژووی عێراقدا هیچ دەورێكی شایانی باسی نەگێڕاوە. سەرۆك بارزانی باسی شۆڕشەكانی كورد دەكات، هەر لە شۆڕشی شێخ مەحمودەوە تا شۆڕشی ئەیلول بە سەركردایەتی مستەفا بارزانی، باس لە قۆناغی یەك بە یەكی خواستەكانی شۆڕشەكان دەكات. ئاماژە دەکات لە دوای شۆڕشی شێخ مەحمود بزووتنەوەی سیاسی كەوتە ناو مەتڵەب و خواستی نوێ، ئەویش قبوڵكردنی عێراق  بە ناچاری و مەسەلەی هەڵپەساردنی سەربەخۆیی بوو. بەڵام لە جەوهەردا ڕووی ئامانجی هەموو شۆڕشەكانی كورد لە سەربەخۆیی كوردستاندا بووە.

 

سەرۆك بارزانی زۆر بە وردی باس لە هەڵكشانی رادەی چەوساندنەوە و ئینكاركردن و سووتاندنی خاك و ڕاگواستنی كوردستان و سەرەنجام بڕیاری حكومەتی عێراق بۆ لەناوبردنی كورد دەكات كە كۆتاییەكەی بە ئەنفال و بۆردومانی كیمایی هەڵەبجە هات. سەرباری ئەوەش لە دوای ڕاپەڕین بەرەی كوردستانی و دانیشتوانی كوردستان و بزووتنەوە سیاسییەكەی بە لێبوردەییەوە تەماشای دامودەزگای ئەمنی و عەسكەری و ئیداریی حكومەتی عێراقیان كردووە، ڕێگەیان لە تۆڵەسەندنەوە گرتووە. بارزانی لەو كتێبەیدا زۆر شانازی بەوە دەكات كە میللەتی كورد هیچ كاتێك گیانی تۆڵەسەندنەوە و تەحویلكردنی كێشە لە نێوان كوردستان و حكومەتی عێراق بۆ ناو كورد و عەرەب دروست نەكردوە وهیچ كاتێك كورد هەوڵی ئەوەی نەداوە عەرەب بە خاوەنی ئەو چەوساندنەوە و زوڵم و ستەمە بزانێت كە دەوڵەتی عێراقی عەرەبی لە كوردی كردووە.

 

بارزانی زۆر بە دیقەت باس لەوە دەكات كە دوای 2003، بە میانجیێتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتی ئەمریكا و دەوڵەتەكانی تری هاوكاری ئەمریكا وەك بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا  كوردستان کە داواكانی خۆی بۆ سەربەخۆیی نەدەشاردەوە، سەرباری ئەوەش هاوكاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كرد تا دامەزراندنەوەی دەوڵەتی عێراق بەشێوەیەكی ئەوتۆ بێت كە كورد ببێتە هاووڵاتی بەرابەر لەگەڵ عەرەب و كۆتایی بەو جەور و ستەمە مێژووییە بێت. بەڵام لە دوای 14 ساڵ لە 2003 تاكو 2017 دەوڵەتی عێراق ئیسپاتی كرد كە لەسەر هەمان ڕێبازی كۆن دەڕوات، ئەگەر بۆی بكرێت هەمان توندوتیژی و ستەم بەكاردێنێت كە دەوڵەتەكانی پێشوو كردوویانە.

 

لە باسی سەرەكی ئەم كتێبە كە مەسەلەی ڕیفراندۆمە، سەرۆك بارزانی باس لەوە دەكات ئیدی وەختی هاتووە كورد قبوڵنەكات بە هاووڵاتی دەرەجە دوو حسێب بكرێت. دونیاش لە قۆناغێكی ئەوتۆی پێشكەوتن و بەرابەریدایە كە ڕەوا نیە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بندەستەیی و كۆیلەیی كورد قبوڵبكات. بۆیە لە 2010 بەولاوە دەڵێت بڕیارمدا مەسەلەی سەربەخۆیی و یەكلاكردنەوەی كێشەی كورد لە ناو عێراقدا لەگەڵ عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باس بكەم و وردە وردە بیهێنمە سەر هەواری جێبەجێكردن. ئەوەی كە جێی سەرنجە سەرۆك بارزانی زۆر بە ڕاشكاوی و ڕاستگۆیانە باس لەوە دەكات كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئەمریكاوە تا دەگاتە ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی دەستڕۆیشتوو و دەوروبەریان، هیچ كامیان بەرامبەر مافی میللەتی كورد بۆ سەربەخۆیی ناڕازی نەبوونە بەڵكو هەموویان بە جۆرێك ئەو هەستەیان دەربڕیوە كە كە حەقی ئێوەیە و لە سەد ساڵی ڕابردوودا كورد غەدرێكی زۆری لێكراوە. دەڵێ بەڵام هیچ یەكێك لەوانە بە ڕاشكاوی پێیاننەگوتین پەنا بۆ سەربەخۆیی یان بۆ شێوازی ڕیفراندۆم كە ڕووی لە سەربەخۆیی بێت ببەن. لە هەمان كاتدا پێشیان نەدەگوتین نابێت بیكەن. ئەو بێدەنگی و بێلایەنییەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ڕای سەرۆك بارزانی زەمینەیەكی گونجاو بووە كە كورد بۆ دونیا بسەلمێنێت كورد سەربەخۆیی دەوێت. بەتایبەتی كە كورد بووە تێكشكێنەری دیاردەی دڕندانە و هەڕەشەی جددی داعش لەسەر عێراق و ناوچەكە و هەموو دونیا.  ئەو خۆشەویستییەی  پێشمەرگە و كورد لە دونیادا بۆ تێكشكاندنی تیرۆر هەیانبووە ئەویشیان بە زەمینەی گونجاو دەزانی كە ئێستا ئەو میللەتە داوای مافی بەرابەری خۆی بكات. ئەوەی سەرنجڕاكێشە سەرۆك بارزانی دەڵێت لە ساڵی 2017 كە بە جددی دەستمانكرد بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەمریكا و دەوڵەتانی دیكەی بەهێز وەكو فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا، ئەوانە هەموویان بە گوێیەكی شل و بە تەفاهومەوە گوێیان لە قسەكانی ئێمە دەگرت.  هەموویان باسیان لەوە دەكرد كە لە هاوپەیمانیی كورد و هاوكاریكردنی بەردەوام دەبن. هەروەها دەنووسێت لەگەڵ سەركردەكانی عێراقی چ ئەوانەی دەوڵەتی عێراقی بەڕێوەدەبەن، چ ئەوانەی سەركردایەتی بزووتنەوەی سیاسی دەكەن، یەك بە یەك لەگەڵ هەموویان دانیشیتین و ئەو نیازەمان باسكرد و بۆمان باسكردن كە ئێمە هەر برا و هاوكار دەبین بەڵام با كێشەكەمان یەكلابكەینەوە. نموونە بە هەرە توندڕۆكانیان دێنێتەوە كە هادی عامرییە، دەڵێت: لەگەڵم باسكرد، بە ئایەتێكی قورئان وەڵامیدامەوە كە نابێت بە هیچ شێوەیەك  لە نێوان كورد و عەرەب توندوتیژی و شەڕ هەبێت و دەبێ بە تەفاهوم  ئەوەی حەقی كوردە بێتەدی. هەروەها لە میونخ لەگەڵ عەبادی  دانیشتوە، دەڵێ هەمان باس و قسەم لە عەبادی گوێ لێ بوو، گووتی زۆر حەساس نیم بەرانبەر ریفراندۆم و نیازی سەربەخۆیی كوردستان. لەوەیاندا من وای دەخوێنمەوە كە سەركردەكانی عێراقی بە هاوكاریی دەوڵەتانی دەوروبەر ویستبێتیان پاڵ بە هەرێمی كوردستانەوە بنێن بۆ ئەوەی بكەوێتە پێگەیەك تا بتوانن پەلاماری بدەن.  ئەمە پتر لە گەلەكۆمەكییەك دەچێت كە لە كاتی دەنوستاندا ناپاك بوونە، قسەی باشیان كردووە بۆ نیازی خراپ.

 

سەرۆك بارزانی دەڵێت لە چەند مانگی پێش 2017  لە پڕێکا ئەو باسەی كە هەموو دونیا و بەتایبەت كوردستان پێیەوە سەرقاڵكرا، ئەویش ئەوەیە كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی داوایانكرد ریفراندۆم دوابخرێت. لێرەدا باسدەكات دەڵێ هیچ دەوڵەتێك و لەوانیش ئەمریكا نەیگوتووە نابێت باسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی بكەن بەڵكو ویستویانە دوایبخەن.  پاساوی دواخستنی ڕیفراندۆمیش لای هەندێك دەوڵەت شتی زۆر سادە بوون. یەكێك لەوانە ئەمریكا دەڵێت بۆ ئەوە دەیانویست ریفراندۆم دواخرێت تا عەبادی لە هەڵبژاردن سەربكەوێت گوایە ئێران لاواز بكات. لە چاو ئامانجی میللەتێک ئەمە مەسەلەیەكی زۆر بچووكە، بارزانی دەڵێت داهاتووی عێراق و دابینكردنی سەربەخۆیی عێراق و كەمكردنەوەی دەستی ئێران پەیوەندی بە عەبادی و سەرۆكوەزیرانێكەوە نیە بەڵكو ئەوە پڕۆسەیەكی دیكەی سیاسییە كە دەبێ ئەمریكا و هێزەكانی ناوخۆی عێراق تێیدا تەفاهوم بكەن و ڕێبازێك هەڵبژێرن كە سەروەری عێراق دابین بكات.  هەروەها بە شێوەیەكی تایبەتی ڕەخنە لە بەریتانیا دەگرێت، دەڵێت جاری یەكەم تەقریبەن هانیان دەداین بۆ ئەوەی لە باسی ریفراندۆم بەرەو پێشەوە بێین و دەسپێبكەین، بەڵام باڵیۆزی بەریتانیا پاش ئەوەی شتەكە بووبە جددی دەستی خستە ناو ئەو پیلانەی دژی هەرێمی كوردستان كرا. تەقریبەن ئەو هەماهەنگییەی نێوان ئەمریكا و ئێران و حزبولڵا و حەشدی شەعبی و عێراق بۆ لێدانی كوردستان وەك بڵێی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەستێكی زۆری تێدا هەبووە. بارزانی باس لە دەوری خراپی كاربەدەستان و دیپلۆماتەكانی ئەمریكای لە باڵیۆز و فەرماندە گشتییەكانی هێزەكانیان لە عێراقدا دەكات، پێیوایە ئەوانەش هەڵوێستیان لە دژی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمی كوردستان وەرگرتبوو.

 

سەرۆك بارزانی باس لە پەیوەندیی نێوان حزبەكانی كوردستانیش دەكا. دەڵێت دوای گفتوگۆیەكی زۆر و پرسوڕایەكی جددی  ئەو دڵنیاییەمان بە سەركردەكانی حزبە سیاسییەكانی كوردستان دا كە ڕیفراندۆم بە مانای دەستپێكردنی شەڕ لەگەڵ عێراق و زیانگەیاندن بە كوردستان نیە بەڵكو میللەتی كورد نیازی خۆی دەردەبڕێ، دواتر لەسەر بنەمای ئەو پلاتفۆرمە دەكەوینە گفتوگۆ لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دەوروبەر. ئەوەبوو سەرەنجام كۆدەنگی درووستبوو و ئەنجوومەنی باڵای سیاسی بۆ سەركردایەتیی ریفراندۆم درووستبوو. بارزانی زۆر بە دیقەتەوە باس لە تەنسیق و پەیوەندیی لەگەڵ سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات، لەڕووی سەربازی و سیاسییەوە دەڵێت سەرەنجام هاتنە ناو پڕۆسەكە بەڵام هەمیشە لە ناو یەكێتیدا لەنگییەك هەبوو، بەشێك لە سەركردایەتی یەكێتی یان لە دەستڕۆیشتووەكانیان خەریكی پیلانگێڕان بوون لە دژی نیازی ڕیفراندۆم و دواتر لە دژی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم. سەرەنجام كۆتایی بە 16ی ئۆكتۆبەر هات. بارزانی دەڵێت پێش ڕوودانی 16ی ئۆكتۆبەر هەستماندەكرد پیلانێك لەگۆڕێیە بۆیە لە ڕۆژی 15ی ئۆكتۆبەر ئەو پرسیارەمان لە سەركردایەتیی یەكێتی كرد، ئەوانیش دڵنیایان كردین كە هیچ پیلانێك لەگۆڕێ نیە. بەڵام داوایانكرد لە كەركوك هەماهەنگییەك لە نێوان هێزەكانی ئەمریكا و عێراق و هەرێمی كوردستان هەبێت بۆ ئەوەی شەڕ ڕوونەدات و عێراق بگەڕێتەوە هەندێك خاڵ كە دڵنیاییان پێبدات  ئێمە لە دژیان شەڕ ناكەین. کەچی دوای 24 كاتژمێر هێزەكانی یەكێتی لە میحوەرە سەرەكییەكانی خۆیان پاشەكشەیان كرد و ڕێگەیان بە حەشدی شەعبی دا  پشتەوەی پێشمەرگە بگرێت و كەركوك بكەوێتە مەترسی. بارزانی دەڵێ بڕیارماندا  لە شنگال لە سەر خواستی سەركردەكانی ئێزدی لەو ناوچەیە پاشەكشێمان بە پێشمەرگە كرد. بەڵام دوایی بینیمان عێراق دەیەوێت لە كەركوك و شنگال تێپەڕێت و نیازی گرتنی هەولێر و دهۆكی هەیە و دەیەوێت سەركردەكانی ریفراندۆم بە دار هەڵواسێت و بیانكوژێت، ئەوانەی قیادەی خیانەتەكەیان كردووە داخلی بەڕێوەبردنی كوردستانیان بكات. ئەوكاتە بوو بڕیارماندا مقاوەمەی مان و نەمان بكەین. لەسەر ئەوكارەش بارزانی گلەیی توند لە ئەمریكا دەكات و دەڵێ ئەمریكا بە گشتی ڕێگایان دا  ئەو پیلانەی ئێران و حزبولڵا و عێراق لە دژی كوردستان سەربگرێت و لەبەرچاوی ئەوان و چەكی ئەمریكاوە شەڕمان بکەن.

 

لەو كتێبەدا سەرۆک زۆر شانازی بە مقاوەمەتی پردێ و سحێلا دەكات و دەڵێ: ئەمریكا كە دەبوا ڕێگەنەدات تانکی ئەبرامز لە دژی كوردستان بەكاربێت چونکە پێشمەرگە تانکەكانیان تێكشكاند و هێرشەکەیان وەستاند.  سەرەنجام كار گەیشتە ئەوەی بۆ جارێكی دیکە عێراق و كورد و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كۆبنەوە و هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت.

 

لە كۆتایی كتێبەكەیدا، بارزانی دەڵێ ریفراندۆم سەركەوتووە چونكە پەیامی كورد بە هەموو دونیا گەیشت كە سەربەخۆیی دەوێت. سەرباری ئەوەش شەڕی ناوێت و ئامادەی گفتوگۆ و تەفاهوم و لێكحاڵیبوونە. كورد ئامادەیە هەموو باوەڕ و ڕوانگەكانی مۆدێرنی ئەم زەمانە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی و هاوكاریی ناوچەكە و پێكەوەژیان قبوڵ بكات، بە مەرجێك كەڕامەتی كورد و سەروەریی كوردستان پارێزراو بێت، ئەوە پەیامی كورد بوو بەڵام كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر، ئەو پەیامەیان تا ئێستاش وەكو خۆی وەرنەگرتووە. بۆیە كورد دەبێ هەمیشە پشتی بەخۆی ببەستێت. پشت بە توانا سەربازییەكانی خۆی و بەهێزكردنی پێشمەرگە ببەستێت و سنوورەكانی خۆی بپارێزێت تا ئەو كاتەی زەمینەی گفتوگۆ و داننان بە كێشەی كوردستان دروست دەبێت. ئەو کتێبە پەیامی تێدایە بۆ هەموو كوردستان  لە هەر چوار پارچەدا سوپاسیان دەكات بۆ ئەو هاوكارییەی پێكەوە كردوویانە لە پاراستن و پشتیوانیكردنی ڕیفراندۆم.

 

ئەوەی سەرنجڕاكێشە، سەرۆك بارزانی دەڵێ لە پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا ئەوەی بینیمان پشتكردن و شەقلێدان بوو لە بەهاكانی ئینسانی و ئەخلاقی مرۆڤایەتی، لێرەدا دەڵێ: من لەوەیاندا تووشی حەپەسان بووم  چونکە پێموابوو جیهانی ئەمڕۆ جیهانێكە لەسەر بنەمای ئینساندۆستی و ماف و ئەو دەورەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرانبەر داعش گێڕای وادەكات سۆز و هاوكاری بۆ كورد بەردەوام بێت. لەوەدا بارزانی ئەو باڵانسەی نێوان ئەخلاق و بەرژەوەندی بە ڕاست نازانێ و دەڵێ بەداخەوە بۆم دەركەوت دونیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بەڕێوەدەچێت نەك ئینسانییەت. من لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا و كاربەدەستانی ئەمدەوڵەتە مەسەلەی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمم باسكردووە. پێیان نەگووتوومە بڕۆ بیكە، نەیشانگووتوە مەیكە.  ئاماژە بە قسەیەكی جۆ بایدن دەكات کە لە تێشتێكی بەیانی لە كۆشكی سپی جۆ بایدن بە منی گووت سەرەنجام ئێمە لە تەمەنی خۆماندا دەوڵەتی كوردستان دەبینین.

 

هەموو ئەو بیرکردنەوە و بەڵگانە وادەكەن  خوێنەر واتێبگات كە بارزانی ناڕاستەوخۆ لەوە گەیشتووە كە ئەمریكا و ئەوروپا و تەنانەت كاربەدەستانی عێراقیش ناكۆكی ئەوە نین ریفراندۆم بكرێت بەڵام هیچ بەڵگەیەكی نووسراو و قسەیەكی ڕاستەوخۆی لە هیچ یەك لەوانەوە تەنیا خوێندنەوەی ئاماژە و ڕەفتارەكان بووە. هەڵبەت دەڵێ لە دوو مانگی پێش ریفراندۆمدا لە پڕێكا هەرهەموویان چوونە بەرەی دژی ریفراندۆم. ئەوە ئەوكاتە بوو داوامان لە ئەمریكا دەكرد وەزیری دەرەوەی ئەم دەوڵەتە گرەنتییەكی ئەوتۆ بداتە كوردستان كە ئەگەر ڕیفراندۆم دوابخرێت سەرەنجام لە كاتێكی دیاریكراودا ڕێزی ئیرادەی كورد بگرێت و ئەمریكا زامن بێت بۆ ئەو هەنگاوانەی لە دواییدا دەهاویشترێن. بە ڕای بارزانی ئەمریكا نەیدەویست زامن بێت بەڵام دەیویست لە نێو دۆزەكەدا بمێننەوە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەگەڵ ئەمریكا لە نێو دۆزەكەدا دەمایەوە. ئەو دەڵێت من پێم باش بوو ئیدی ئێمە ئیرادەی میللەتی خۆمان نەشكێنین، لە ڕیفراندۆم بەردەوام بین، پەیامی ئاشتیخوازانەی خۆشمان لەبیرنەكەین كە هەر واشمان كرد. دەڵێ بەڵام ئەوە لە ڕۆژەكانی دواییدا گۆڕا بۆ بەرەیەكی دژی كوردستان و سەرەنجام ویستیان ئیرادەی کورد تێكبشكێنن و كۆتاییەكەی ئەوە بوو كە گفتوگۆ و تەفاهوم لە نێوان هەموو لایەكمان وەستا، ئەوەی یەكلای كردەوە زمانی سەربازی بوو لە مەیدانەكانی شەڕدا.

 

سەرۆک بارزانی پێیوایە لە شەڕیشدا كوردستان و هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی خۆی جارێكی دیکە توانی بە دونیا بسەلمێنێت کە لەسەر هەقە و دەتوانێ دیفاع لە خۆی بکات. دەڵێ كاتێك بە شەڕ عێراقمان ڕاگرت ،  كاتێك لە حەقیقەتدا عێراق و حزبولڵا و ئێران بە یەكەوە بە بەرچاوی ئەمریكاوە هێرشی كوردستانیان دەكرد، نامەیەكم بۆ باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا نارد، گوتم “ئەمڕۆ وەكو دوێنێ نیە، سبەینێش وەكو ئەمڕۆ نابێت”. ئەم پەیامەی بارزانی لە بەرامبەر پەیامێكی چەند ڕۆژ پێش ئەوەی دۆگڵاس سلێمان بووە لە گەرمەی شەڕدا كە هێرشی كوردستان دەكرێت بۆ بارزانی دەنێرێت و دەڵێ : “ئەمڕۆ دوێنێ نیە، بەخۆتاندا بچنەوە”. واتا پاشەكشە بكەن.

 

بە ڕای من سەرۆك بارزانی پتر پابەند بووە بە مافەكانی كورد و مافەكانی مرۆڤ و  بەها ئەخلاقییە گەورەكانی کە دەبێ ئینسان  پابەندی بێت. كەمتر پشتی بەوە بەستووە كە بەرژەوەندییەكان لەوانەیە بەسەر بەها ئەخلاقییەكاندا زاڵ ببن. لەمەوە تەجرەبەتەکی تر لە شۆڕشی ئەیلول بە بیرمان بێتەوە، چونکە ئەوكات سەرۆك مسعود بارزانی خۆی لەگەڵ ئەو ڕووداوەدا ژیاوە. لە ساڵی1973 پەیامنێری ڕۆژنامەی واشنت پۆست لە مستەفا بارزانی نەمر دەپرسێت  ئێوە  کە هێندە پشتتان بە ئەمریكا و ئێران بەستووە هیچ بەڵێنێكی نووسراواتان لە ئەمریكا وەرگرتووە تا دواڕۆژ بتوانێ بەرگریتان لێ بكات. مستەفا بارزانی لە وەڵامدا دەڵێ هیچ بەڵگەیەكی نووسراومان نیە بەڵام ئەوەی لێی تێگەیشتووین ئەمریكا زۆر بە جددی پیشتوانیی ئێمەیە و باوەڕناكەم دەوڵەتێكی گەورەی وەكو ئەمریكا ڕۆژگارێك پشت لە میللەتێكی هەژاری وەكو كورد بكات. ئەوە لە ڕووی ئەخلاقییەوە قەت لە ئەمریكا ناوەشێتەوە. بەڵام لە دوای ساڵی 1975 دوای ئەوەی ئەمریكا پشتی لە كورد كرد، لە نامەیەكی تردا كە بۆ سەرۆكی ئەمریكا و بۆ كۆنگرێسی دەنێرێت مستەفا بارزانی نەمر دەڵێ: بەداخەوە ئەوەی بۆمان دەركەوت  ئەخلاق لە سیاسەتی ئەمریكا پشتگوێخرا و میللەتی كورد كرایە قوربانی(جاناتان ڕاندێل). ئەوتەجرەبەیە بۆیە دەگێڕمەوە چونکە ئەوكات سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەركردایەتیی پارتی دیموكراتیی كوردستاندا بووە، هەمان چیرۆك لەگەڵ ئەمریكا بەڵام بە خەفیفتر لە ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەر دووبارە کرایەوە و سەرۆک لە پەیامی کۆتایی سەرۆکایەتی خۆی لە کۆتایی ساڵی 2017 ئەمریکا و کۆمەڵگای ناودەوڵەتی بە پشت کردن لە ئەخلاق و رەوایەتی دۆزی کورد تاوانبار کردەوە. لە هەموو حاڵەتێكدا بارزانی كاتێك ئەو كتێبە دەنووسێت كە كورد پەیامی خۆی بە دونیا گەیاند بەڵام %51ی خاكەکەی بە زەبر و زۆر بە بەرچاوی ئەمریكاوە لە كورد سەنرایەوە، كوردستان ماوەیەكی زۆر كەوتە بەر گەمارۆی ئابووری و هاتووچۆی هەوایی كە تەنانەت ئێستاش شوێنەوارەكانی ماون. حكومەتی عێراق كەوتە سەر ڕێگەیەك كە هیچ كاتێك بە جددی نەك دان بە مافەكانی كورددا ناهێنێ بەڵكو لەو شایستانەی كە لە ڕووی ئابووری و داراییەوە كورد لە دوای 2003 لە عێراق پێیگەیشتووە، هەموو ئەوانەی بۆ ماوەیەكی درێژ بڕی و ئێستاش دەستی دەستی بە حکومەتی کوردستان دەكات و مافە دەستورییەکانی هەروا كەم دەكاتەوە. سەرۆک بارزانی پێیوایە لەم پەیامەی کورد بۆ جیهان پەشیمان نیە و هیوادارە ڕۆژگارێک هەڵوێست بە جیهانی دەسەڵاتداری ناودەوڵەتی بگۆڕێت.

كۆتایی كتێبەكەی سەرۆك بارزانی هیچ گەشبینی بەرامبەر عێراق و دەوڵەتانی دەروبەر تێدا نیە، بەڵام زۆر بە هیواوە پشتی بە نەوەی نوێی كوردستان بەستووە كە دەبێ خۆیان بپارێزن، باوەڕیان بە خۆیان بێت، سوپای پێشمەرگە درووستبێت و سەرەنجام كورد بە ئاواتەكانی خۆی بگات.

 

سەرۆك بارزانی لە بەشێكی كتێبەكەیدا باس لەوە دەكات، هەرێمی كوردستان لە كاتی هێرشی داعشدا نەك هەر داعشی تێكشكاند بەڵكو ئەو شوێنانەی كوردستان كە عێراق بەجێیهێشتن پێشمەرگە پاراستنی و گرتنییەوە. پرسیاری ئەوە دەكات ئەرێ ئەگەری ئەوە هەبوو هەرێمی كوردستان بەو فراوانی و گەورەییەی خۆی دوای شەڕی داعش بمێنێتەوە. ئەو پێیوایە كە عێراق و ئێران لە پیلاندابوون هەرچۆنی هەبا پەلاماری كوردستانیان دەدا. من وای دەخوێنمەوە بۆیە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم موكوڕ بوو چونکە پێیوابووە كوردستان هەر تووشی شەڕ دەبێت. كەوایە با كاتێك ڕیفراندۆم بكرێت کە میللەتی كورد دەرفەتی دەنگدانی لەسەر چارەنووسی خۆی هەیە. بارزانی لەو كتێبەدا دەڵێ ئەگەر خیانەت نەكرابایە دەمانتوانی عێراق بوەستێنین و نەیەڵین بێتە پێشەوە، سەرەنجام عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچار دەبوون گفتوگۆ و مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستانێكی بەهێز دەستپێبکەنەوە. بەوەش بەشێكی زۆر لە ئاواتەكانی كورد دەهاتە دی وئەگەر ئێمە دانوستانیشمان لەگەڵ عێراقدا کردبا لەسەر خاكی خۆمان دەبوو كە لە دەستی خۆماندابوو.

 

لە هەموو حاڵەتێكدا لە كتێبی (بۆ مێژوو)دا بارزانی پێیوایە ئەو بەڵانسەی ڕاست كردووەتەوە كە دوای هاتنی ئیستعمار و دابەشكردنی كوردستان بەسەر چوار پارچەدا، لە بەشی باشووری كوردستاندا كە بەر دەوڵەتی عێراق كەوت، جۆرێك لە پاساو بۆ ئەو دابەشكردنە ئەوەبوو گوایە پرسوڕا بە میللەتی كورد كراوە و جۆرێك لە گشتپیرسی ئەنجامدرابوو و كورد ڕازی بووە بەشێك بێت لە عێراقی نوێ. بارزانی ئینكاری ئەو بڕوایە دەكات و بە ڕیفراندۆم ئەو ناڕوونی و لێتێنەگەیشتن و بەدحاڵیبوونە مێژووییەی ڕاست كردەوە و سەلماندی كورد  لە سەرەتای دەوڵەتی عێراق  هیچ كاتێك دەنگی بە لكاندن نەداوە. بەڵكو ئێستاش دوای سەد ساڵ سەربەخۆیی و كەرامەتی خۆی دەوێت چونكە كەمتر نیە لە میللەتانی دیكە. ئەو كتێبە شایانی خوێندنەوەیە و لە هەمان كاتدا دەرگایەك دەكاتەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر دەركەوتەكانی ڕیفراندۆم تا زەرەر و زیانەكان و دەستكەوتەكانی  هەڵبسەنگێندرێت. بە مەرجێك بە بەرپرسیارەتی و بە بەڵگەوە باسی دەستكەوتەكان یان زەرەر و زیانەكان بكرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا میللەتی كورد بەرچاوی ڕوون بێت كە چۆن هەنگاو دەنێت، ئەگەر دەستكەوتێكی بەدەستهێنابێت چۆن خۆی پێ بەهێز دەكات و ئەگەر لێكتێنەگەیشتنیش لە یاساكانی نێودەوڵەتی یان لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و هەرێمیایەتیدا هەبووبێت، چۆن دەكرێت لە داهاتوودا ئەوە ڕاست بكرێتەوە و دیپلۆماسیی كوردستان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و مافەكانی خۆی بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی کورد بەردەوام بێت.