گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

رێککەوتنى لایەنەکان لەسەر بازنەکانى کەرکوک و نەینەوا راگەیەنرا

2020.10.26 - 11:07
رێککەوتنى لایەنەکان لەسەر بازنەکانى کەرکوک و نەینەوا راگەیەنرا

ناس کورد-

لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ڕێککەوتنێک هەیە لەنێوان فراکسیۆنەکان بۆ یەکلایکردنەوەى پرسی دابەشکردنى بازنەکانى هەڵبژاردن لە کەرکوک و نەینەوا.

 

بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانى عێراق کۆبێتەوە و دەنگ لەسەر بازنەکانى هەڵبژاردن لەو دوو پارێزگایە بدات، دواى دەنگدان لەسەر بازنەکانى 16 پارێزگا لەکۆبوونەوەى پێشوودا.

 

محەمەد غزى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى یاسایی بە رۆژنامەى مەداى عێراقى راگەیاند (26ی تشرینی یەکەمی 2020)، رێککەوتنێک هەیە بۆ دابەشکردنى بازنەکان لەو دوو پارێزگایە لەنێوان فراکسیۆنەکاندا، تا دواى پەسەندکردنى رەوانەى سەرۆکایەتى کۆمار بکرێت بۆ پەسەندکردنى.

 

لاى خۆیەوە، شیروان دوبردانى پەرلەمانتارى پارتى رایگەیاندووە، کۆبوونەوە و دانوستان بەردەوامن لەنێوان کوتلەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەى دابەشکردنى بازنەکان لە خۆرئاوا و باشورى نەینەوا، تا دەنگى لەسەر بدرێت.

 

وتیشى دەنگدان لەسەر بازنەکانى ئەو دوو پارێزگایە، یارمەتى کۆمسیۆن دەدات بۆ دەستکردن بە ئامادەکارییە لۆجیستییەکانى هەڵبژاردنى پێشوەختە لەو وادەیەدا کە حکومەت پێشنیازى کردووە.

 

پەرلەمانى عێراق (24 تشرينی یەکەمی 2020) دەنگیدا لەسەر بازنەکانى هەڵبژاردن لە 16 پارێزگا و دەنگدانى لەسەر بازنەکانى کەرکوک و نەینەوا دواخست بۆرۆژى دووشەممە.   

 

شيروان ميرزا، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى بە ناس كوردى ڕاگەياند، (25ى تشرينى يەكەمى 2020)، دەزگاى هەڵبژاردنى يەكێتى و پارتى سەرقاڵى پەيوەندين لەگەڵ لايەنەكانى تر و لايەنە عێراقيەكانى تر وەك عەرەب و توركمان، سەبارەت بەو بازنانە يەكێتى و پارتى لەلايەك و پێكهاتەكان لەلايەك و شيعە و سونە لەلایەکى دیکە هەوڵەکانیان خستوەتەگەڕ.  

  

ئاماژەى بەوەشکرد، يەكێتى و پارتى كێشەيەكى وايان نييە لەسەر ئەو دوو پارێزگايە، بەڵكو ئەوەى هەيە كورد و عەرەب و توركمانن، پەرلەمانتارانى ئەو پێكهاتانەش خەريكى گفتوگۆ بوون لەو بارەيەوە و پێويستە تا سبەينێ خۆيان يەكلايى بكەنەوە و بگەنە ڕێكکەوتن.