گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆكاری ئامادەنەبوونی بەرپرسانی حكومەت بۆ پرساندنی پەرلەمان ئاشكرا دەكرێت

2020.10.26 - 08:45
هۆكاری ئامادەنەبوونی بەرپرسانی حكومەت بۆ پرساندنی پەرلەمان ئاشكرا دەكرێت

ناس كورد-

بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئامادەنەبوونیان لەپرساندنی پەرلەمانی كوردستان رایانگەیاندووە، ئەوان پێشتر لەدانیشتنی پەرلەمانی كوردستان وەڵامی ئەو پرسیارانەیان داوەتەوە کە سەبارەت بەلێبڕینی مووچە و دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان لەلایەن پەرلەمانتارانەوە لییان کراوە، بۆیە پێویست ناكات لەدانیشتنی پرساندنەكەش ئامادە بن.

 

وا بڕیارە رۆژی سێشەممە پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و تەوەرێكیان تایبەت بێت بە گفتوگۆکردنى پرساندنی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لەسەر لێبڕینی مووچە.

 

بەگوێرەى زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەپەرلەمانی كوردستان بۆ ناس كورد، ئەو بەرپرسە باڵایانەی حكومەتی هەرێم جگە لەوەی وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانیان بۆ پرساندنەكە داوەتەوە، بۆ هۆكاری ئامادەنەبوونیان لەدانیشتنی پرساندن وتوویانە كە ئەوان لەدانیشتنی پێشتری پەرلەمان بۆ ماوەی نۆ كاتژمێر و 45 خولەك قسەیان لەسەر دۆخی دارایی و بوارەكانی دیكەی هەرێم كردووە و وەڵامی پرسیاری 98 پەرلەمانتاری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیشیان داوەتەوە كە ئەو وەڵامانەی پەرلەمان وەڵامی پرسیارەكانی پرساندنەكەشە، بۆیە بەپێویستیان نەزانیوە لەدانیشتنی پرساندنەكە ئامادەبن.

 

پێشتریش شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان كە یەكێكە لەفراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن و داوای پرساندیان كردبوو (25ی تشرینی یەكەمی 2020) بە ناس كوردی راگەیاندبوو، ئەوان تانەیان لەشێوازی پرساندنەكە هەیە، چونكە بەپێی ئەو بانگهێشتەی بۆ ئەوان چووە دەڵێت گفتوگۆكردن لەسەر وەڵامەكانی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی، واتە وەڵام دەنێرن، نەك خۆیان ئامادەی كۆبوونەوەكە بن، لەبەرئەوە بەو شێوەیە گفتوگۆ ناكرێت، راستە لەپەیڕەودا دەڵێت پرساندنی غیابی، بەڵام دەبێت بەشێوازێكی یاسایی غائیب بێت، چونكە لەپرساندن دەبێت بەرپرسەكان خۆیان ئامادەبن.