ناس کورد-
لەسنورى ئاکرێ پێکدادان لەنێوان هێزێکى پێشمەرگە و گەریلاکانى پەکەکە روویدا و سەرچاوەیەکى پێشمەرگەش دەڵێت هێشتا بەفەرمى هیچیان پێنەگەیشتووە لەو بارەیەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
پێکدادانەکە دواى گرژبوونى زیاترى پەیوەندییەکانى پارتى و پەکەکە دێت لەو سنورە، بەتایبەتى لەدواى کوژرانى بەرپرسێکى ئاسایش لەسنورى ئامێدى، کە پەکەکە تۆمەتبارکراو ئەویش رەتیکردەوە.
سەرچاوەیەکى ئاگادار بە ناس کوردى راگەیاند (25ى تشرينى يەكەمى 2020)، دوای ئەوەی لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا هێزێکی زۆری پێشمەرگە بەچەکی قورسەوە رەوانەى گوندەکانی سنوری ناحیەی دینارتەی سەربە قەزای ئاکرێ لەسنوری پارێزگای دهۆک کران، ئێوارەی ئەمڕۆ لەکاتی لێدانی سەنگەردا لەناوچەکە بۆ ماوەیەک شەڕ لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و گەریلاکانی پەکەکەدا ڕوویداوە.
وتیشى "هێزەکەى پێشمەرگە خەریکی لێدانی سەنگەرەکانیان بوون و لەکاتی کارکردنیاندا پەکەکە تەقەی لەحەفارە و شۆفلەکان و شوێنی کارەکەیان کردووە و ئەوانیش وەڵامیانی داوەتەوە، لەئێستاشدا دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە".
پێشتر لەهەریەک لە سنورەکانی قەزای زاخۆی سەربە پارێزگای دهۆک و ناوچەی سیدەکانی سەربە پارێزگای هەولێر، هێزی پێشمەرگەی بۆ جوڵێندرا، لەئێستاشدا لەچەندین شوێنی ئەو ناوچانە سەنگەر و بارەگەیان داناوە.
ناس کورد پەیوەندى بەبەرپرسانى وەزارەتى پێشمەرگەوە کرد، بەڵام وتیان کە بەفەرمى هیچ راپۆرتێک لەو بارەیەوە ئاڕاستەى وەزارەت نەکراوە.
ئەو سنورەى شەڕەکەى لێ ڕوویداوە بە ناوچەى ژێر هەژمونى پارتى دادەنرێت و زیاتر هێزەکانى سەر بەو حزبە لەو سنورە جێگیرن. بەپێی ئاژانسى پەیامنێرى سەر بە پارتى، هێزەگەى پەکەکە بە ئارپیجى هێرشیان کردووەتە سەر پێشمەرگە.
تا ئێستا پەکەکە بەفەرمى هیچ شتێکى لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام میدیاکانیان باس لەوە دەکەن کە پارتى هێزێکى زۆرى بەچەکى قورسەوە بەرەو ناوچەکانى نزیک هەرێمی گارێ جوڵاندووە لەسنورى ئاکرێ، کە وەک هەرێمی گەریلا دادەنرێت.
ئاژاسنى فورات نیوزى سەر بە پەکەکە بڵاویکردەوە، "لە دوێنێوە پارتى هیزێکی تایبەتی خۆی بەناوی گوڵان کە لەژێر فەرمانی مەسرور بارزانی دایە، ڕەوانەی شارۆچکەی دینارتێ و دەشتی نەهلێ سەربە ناوجەی ئاکرێ لە دهۆک کردووە".
ئاماژە بەوەشکراوە هەروەها ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلی سەرباز بێ ژمارە، چەکی قورس و ئۆتۆمبێلی تایبەتی مەدەنی براونەتە ناوچەکە و لە گوندەکانی؛ “مەلکێ، دۆستەکا، گیسێ، مامیشمیش، گردی دینارتە، گردی مەزرینگان، گردی ناوخۆش، گردی دفری” و هەروەها گوندە ئاسورییەکان لە ناوچەی عەشیرەتی زێبارێ، دەستکراوە بە دروستکردنی سەنگەر و پەناگە.