گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوایین پێشهات لەبارەى ئەگەرى دەستپێکردنى خوێندنى سەرجەم قۆناغەکان لەمانگى داهاتودا

2020.10.25 - 21:40
دوایین پێشهات لەبارەى ئەگەرى دەستپێکردنى خوێندنى سەرجەم قۆناغەکان لەمانگى داهاتودا

ناس کورد-

بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، هێشتا زووە بۆ کردنەوەى دەرگاى تەواوى ناوەندەکانى خوێندن و ئەوانەى کراونەتەوە دەبێت زیاتر پابەندى ڕێنماییەکانى خۆپاراستن بن.

 

بڕیارە لەکۆبوونەوەى سەرەتاى مانگى داهاتووى لیژنەى باڵاى کۆرۆنا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخى کۆرۆنا بکرێت لەو قۆناغانەى کە دەوام تێیدا دەستیپێکردووەتەوە، تا بڕیار لەبارەى دەوامى قۆناغەکانى دیکە بدرێت.

 

د.خاڵس قادر، بەڕێوەبەری گشتی دیوان لەوەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ناس كوردی راگەیاند (25ى تشرینى یەکەمى 2020)، لەو كاتەی قوتابخانە و خوێندنگەكان كراونەتەوە و بەپێی داتاكانی لایان، حاڵەتەكانی توشبوون بەكۆرۆنا روو لەزیادبونن.



وتیشى "بەگوێرەى زانیارییەكان پابەندبوون باش نییە لەلایەن مامۆستا و خوێندكارەوە، لەدەرەوەی پۆلیش تێكەڵبوونی زیاتر هەیە، بۆیە دەیانەوێت ئاگایى زیاتر لەسەر ئەوە بكەن كە پێویستە زیاتر پابەندبن".

 

ئێستا تەنها قۆناغی 12ی ئامادەیی و پۆلەكانی 1 و 2ی بنەڕەتی لەنێو خوێندنگەكان دەوام دەكەن، ئەوانی دیكەش بەشێوەی ئەلیكترۆنی، بەڵام لە پارێزگاکانى سلێمانى و هەلەبجە بەهۆى بایكۆتی مامۆستایانەوە دەوام دەستیپێنەکردووە.

 

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم پێشتر  رایگەیاندبوو، تا رۆژی 1ی تشرینی دووەم چاوەڕێ دەكەن تا بزانن دۆخی كۆرۆنا بەكوێ دەگات دواتر بڕیار لەكردنەوەی پۆلەكانی دیكەش لەقوتابخانەكان دەدرێت.

 

بەڵام د.خاڵس ئاماژەی بەوەكرد، بۆ كردنەوەی قوتابخانە و خوێندنگەكان لەو بەروارەدا جارێ زووە، وەك ئەنجومەنی وەزارەت و ئەنجومەنی باڵای راوێژكاریش لەسەر ئەو رایە بوون كە هێشتا زووە بۆ كردنەوەی قوتابخانە و خوێندنگەكان، ئەوانەشی تائێستا بڕیاری كردنەوەیان دراوە قسەیان لەسەریان هەیە كە دەبێت زیاتر پابەندی رێنماییەكان بن.

 

جەختیشیکردەوە، دەبێت لەنێو خوێندنگەكان رێگە نەدرێت هیچ مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندكارێك بەبێ دەمامك بچنە ژوورەوە و تەنانەت لەكاتی وانە وتنەوە و پرسیار و وەڵامیشدا نابێت دەمامك لاببرێت.

 

دەشڵێت "پێشبینیمان دەكرد لەو قوتابخانانەى دەست بەدەوام کراوەتەوە باشتر پابەندی رێنماییەكان بن، بەڵام بەپێچەوانەوە دەیبینین و پێمانوایە ئەگەر جددیتر و باشتر پابەندی رێنماییەكان نەبن دەبنە مایەی سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی زیاتری كۆرۆنا".