گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عەلى باپیر: ئەگەر ماکرۆن ئەم قسەیەى بکردایە راست بوو 

2020.10.25 - 21:01
عەلى باپیر: ئەگەر ماکرۆن ئەم قسەیەى بکردایە راست بوو 

ناس کورد-

عەلى باپیر، ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامى رایگەیاند، ئەو قسەیەى سەرۆکى فەرەنسا ناڕاستە کە دەڵێت ئیسلام لە قەیراندایە، ئەگەر بیوتایە موسڵمانان لە قەیراندان ئەوە راست بوو.

 

عەلى باپیر لە کۆڕێکى ناوخۆیی حزبەکەیدا کە ناس کورد بە دواداچونى بۆ کردووە (25ى تشرينى يەكەمى 2020) وتى "ئەو هەڵوێستەى فەڕەنسا قەدیمە، کاتى خۆى کە رێنساس هەبوو لەوێوە سەریهەڵدا، هەر لەسەرەتاوە عەلمانیەتیان زۆر بەتوندى گرتووە، بەتایبەتى ئەو ماکرۆنەى ئێستا".

 

وتیشى "ماکرۆن دەڵێت ئیسلام لە قەیراندایە، نا موسڵمان لە قەیراندان ئەوە راستە بەڵام هۆکارەکەى چین، بەشى زۆرى نەزانى موسڵمانانە بەشێکى دیکەشى ئەو زلهێزانەیە کە کێشەیان بۆ دروستدەکەن".

 

لەبارەى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى وڵاتانى عەرەبى لەگەڵ ئیسرائیل، عەلى باپیر باسى لەوە کرد، ئەوە کارى زلهێزانە لە رێگەى گۆڕانکارى لەو رژێمانەى کە وەکو "بوکەڵە" بەدەستیانەوەن.

 

دەشڵێت "ئیسرائیل ناوێکى زۆر موبارەکە کە بە عیبرى بە ماناى عەبدوڵا دێت، ئەمە نازناوى پێغەمبەر یەعقوبە، ناوەکە زۆر موبارەکە، بەڵام قەوارەیەکى ستەمى لەسەر زەوى موسڵمان لەسەر دروستکراوە".

 

ماوەیەكە پەیوەندی جیهانی ئیسلامی و كۆماری فەرەنسا گرژی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت، لەدوای سەربڕینی مامۆستایەكی فەرەنسی كە كاریكاتێری لەسەر پێغەمبەری ئیسلام كردبوو قەیرانەكە قووڵتر بووەتەوە.

 

لەدوا پێشهاتی ئەو ئاڵۆزییەشدا ماكرۆن هەڵمەتێكی گەورەی بەرپاكردووە بۆ دژایەتی دیاردەیەك كە ناوی ناوە "تیرۆری ئیسلامی" لەم میانەیەشدا رێگەی داوە بە نمایشكردنەوەی كاریكاتێرەكان كە موسوڵمانەكان بە سوكایەتی و بێڕێزی دژ بە پێغەمبەری لەقەڵەم دەدەن.