ناس کورد-
سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ئەگەری هێنانە کایەی دەسەڵاتێکی پۆلیسی لە هەرێم لەهەر کاتێکی تر بەهێزترە و ئازادییە گشتییەکان لەبەردەم هەڕەشەی جدیدان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
یوسف محەمەد لەهەژمارى خۆى لە فەیسبوک کە ناس کورد بەدواداچونى بۆ کردووە رایگەیاند (25ى تشرینى یەکەمى 2020) "لە ماوەی رابردودا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی لە هەولێر و دهۆک، چەندین چالاکوانی مەدەنی و مامۆستا و ڕۆژنامەنوس کەوتونەتە بەر هێرش و ڕفاندن و گرتن و بێسەروشوێن کردن".
ئاماژەى بەوەشکردووە "مامۆستا بەدەل بەرواری بڕیاری بێتاوانیی لە دادگا دەرچوە، بەڵام بەدەر لە یاسا ئازاد ناکرێ. شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، شڤان بەرۆشكی، ئەیاز نهێلیو هاریوان كۆچەر رفێندراون و روبەروی دادگاش نەکراونەتەوە و کەسوکاریان زانیارییان لەسەر ژیانیان نییە. تاوانی ئەمانە تەنها داواکردنی مافە سەرەتاییەکانیانە".
یوسف محەمەد دەڵێت "هەموو ئەم رەفتارانە پێشێلکردنی گەورەی چەندین ماف و ئازادیی چەسپاوی دەستورن. لەوانە مادەکانی 17/ دووەم؛ 19/ سێیەم، چوارەم، شەشەم؛ 12/ أ؛ 13؛ 37/ أ، ب، ج؛ 38 و مادەی 40".
هەروەها باسى لەوەکردووە ،هاوتەریب بەم پێشیلکارییانە پێشنیازە یاسایەک لە لایەن فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئامادە کراوە بۆ سزادانی هەر کەسێک کە "بێڕێزی" بەرامبەر بە "رابەر" و سەرکردەکان بکات بە سزایەک کە دەگاتە حەوت ساڵ زیندانی.
"هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە کە کەسێکی وەک مەسرور بارزانی بە باکگراوندێکی ئەمنیی حیزبی لە لوتکەی هەڕەمی دەسەڵاتی هەرێمدایە. هەمو ئەمانەش ئەگەری هێنانە کایەی دەسەڵاتێکی پۆلیسی لە لەهەر کاتێکی تر بەهێز کردووە. ئەرکی هەموانە فشار بکەین بۆ بەرگرتن لەمە و وەستاندنی پێشێلکارییەکان بۆسەر ماف و ئازادییە گشتی و تایبەتییەکان"، یوسف محەمەد واینوسیوە.