گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یاسا مشتومڕاوییەکە لەنێوان ڕاگرتن و بەردەوام بووندا..لێدوانى نوێ لە پارتى یەوە

2020.10.25 - 19:35
یاسا مشتومڕاوییەکە لەنێوان ڕاگرتن و بەردەوام بووندا..لێدوانى نوێ لە پارتى یەوە

ناس کورد- 

 

ئەندامێکى فراکسیۆنى پارتى لەپەرلەمانى کوردستان دەڵێت، پێشنیازە یاسای هێما نیشتیمانییەکان کە فراکسیۆنەکەیان پێشکەشى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کردووە ڕانەگیراوە، سەرچاوەیەکى ئاگاداریش جەخت لەسەر ڕاگرتنى دەکاتەوە.

 

ڕێبوار عەبدولڕەحیم عەبدوڵا پەرلەمانتارى فراکسیۆنى پارتى لەپەرلەمانى کوردستان تایبەت بەناس کوردى ڕاگەیاند  (25ى تشرینى یەکەمى 2020) "پڕۆژە یاسای هێما نیشتیمانییەکان ڕانەگیراوە و پێشکەشى سەرۆکایەتى پەرلەمان کراوە".

 

وتیشى "جێگرى سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى سەرپەرشتى پڕۆژەکان دەکات و ئەو زیاتر ئاگادارە بەڵام بەپێى پەیڕەوى ناوخۆى بۆ پڕۆژە یاساکان ئەو پڕۆژەیەش  هاوشێوەى ئەوانى تر، دواتر سەرۆکایەتى پەرلەمان دەیخاتە بەرنامەى کارەوە و خوێندنەوەى یەکەمى بۆ دەکرێت، ئاڕاستەى لیژنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت".

 

لەبارەى هەڵوێستى فراکسیۆنەکانى یەکێتى و گۆڕان لەپەرلەمان لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە، ڕێبوار عەبدولڕەحیم وتى "هێشتا دیار نییە و تەنها پڕۆژە یاساکە پێشکەش کراوە و کاتى زۆر ماوە بۆ گفتوگۆ و سازان لەسەرى".

 

باسى لەوەشکرد "پێشکەش کردنى ئەو پڕۆژەیەش واتاى وانییە حسابمان بۆ ڕاى فراکسیۆنى یەکێتى و گۆڕان نەکردبێت و ناشزانم ڕایان نەرێینى یان ئەرێنى دەبێت لەسەر پڕۆژەکە، بەڵام ئەو پڕۆژەیە پەیوەندى بەپرسێکى نیشتیمانیەوە هەیە و گرنگى خۆى هەیە".

 

ئەو پێشنیازە یاسایە لەلایەن فراکسیۆنى پارتییەوە پێشكەشكراوە، پێشتریش فراكسیۆنەكانی یەكێتی و گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان لە دوو لێدوانی جیادا بۆ ناس كورد هەڵوێستی خۆیان لەو بارەیەوە خستبووەڕوو كە لەم قۆناغەدا لەگەڵ ئەو پێشنیازەدا نین.  

 

بەگوێرەى زانیارییەكانی ناس كورد كە لەسەرچاوەیەكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستانەوە دەستیكەوتوون (23ى تشرینى یەکەمى 2020) ، ئەو پێشنیازە یاسایە گەیشتۆتە لیژنەكەیان و نەگەیشتۆتە لیژنەكانی دیكە، بەڵام بەهۆی تێبینییان لەسەر چەند بڕگەیەكی نێو پێشنیازەكە رایانگرتووە تا كاتێكی نادیار، چونكە پێیانوایە ئەو پێشنیازە بۆ دۆخی ئێستای كوردستان لەبار نییە.  

  

سەرچاوەكەی ناس وتی "رای جیاواز لەسەر كۆی گشتی پێشنیازەكە هەیە، باس لەوە دەكات ئەگەر سوكایەتی و بێڕێزی بەهێما نیشتمانییەكان و ئاڵا و كەسایەتی شۆڕشگێرش بكرێت ئەو كەسە حەوت ساڵ زیندانی دەكرێت، پێمانوایە ئەوە ئازادی رادەربڕین بەرتەسك دەكاتەوە، رەنگە بەو پاساوە چالاكوان و رۆژنامەنووسان دەستگیر بكرێن".