گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەستبەسەرکرا

2020.10.25 - 18:19
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەستبەسەرکرا

ناس کورد-

بەبڕیارى دادوەر ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لەدواى خۆڕادەستکردنى، بەتۆمەتى ساختەکردنى وەسڵى گومرگى دەستبەسەرکرا.

 

عەلى جەمال، وتەبێژى پۆلیسى گەرمیان لە لێدوانێکى بە ناس کوردى راگەیاند (25ى تشرینى یەکەمى 2020)، لەدواى خۆڕادەستکردن و وەرگرتنى وتە لێى لەلایەن دادوەرى لێکۆڵینەوە، بە بڕیارى دادوەر (محەمەد وەهاب) ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى، دەستبەسەرکرا.

 

وتیشى، ناوبراو لەلایەن دادوەرەوە بە مادەى 289 لە یاساى سزادانى عێراق بڕیارى ڕاگرتنى داوە و لە ئێستادا لە گرتن و گواستنەوەى گەمیان، دەستبەسەرکراوە.

 

دەستبەسەرکردنى ئەندامەکەى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لە کاتێکدایە کە پێشتر ڕەتیکردەوە هەڵهاتبێت لە دادگا و رایگەیاند، ئەمڕۆ چووەتە بەردەم دادگا، دەشڵێت، هەموو قاچاغی و تەزویرکردنەکان خراونەتە سەر ئەو.  

  

محەمەد شێخ وەهان، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی گۆڕان (یەکشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2020) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک ڕایگەیاند: " ماوەی دوو ھەفتەیە ھەموو قاچاغی و تەزویر کردن لە دەروازە سنوریەکانی باشماخ و پەروێزخان خراوەتە سەر من، وەک ئەوەی بڵێیت من کردومە."  

  

ئاماژەی بەوەشكردووە: "ئەمڕۆ سەربەرزانە ڕۆشتمە بەردەم دادگا، نە ھەڵھاتووم نە بۆ ھیچ کوێیەک دەچم، ملم لە موو باریکترە بەرامبەر یاسا."  

  

ئەندامەکەی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەشكردووە: "من خاوەنی 10 ملیۆن دۆلار نیم، ھەرکەسیش گومان دەکات 10 ھەزار دۆلارم پێبدات، گەردنی ئازاد بێت نۆ ملیۆن و 990 هەزار دۆلار بۆ خۆی ."  

  

ئەوەش لەکاتێكدایە، لەماوەی ڕآبردوودا بەتۆمەتی ساختەکردنی وەسڵی گومرگ فرمانی دەستگیرکردن بۆ چەند کەسێک دەرچوو، لەنێویاندا محەمەد شێخ وەهاب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی گۆڕان، دواتریش دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە کە محەمەد شێخ وەهاب هەڵهاتووە بۆ دەرەوەی وڵات.  

  

دوێنێ شەممە، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک ڕایگەیاند، لەو دۆسییەیەدا 40 کەس تێوەگلاون و پێویستە سەرجەمیان دەستگیربکرێن.