گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ئەگەر هەر شتێك بگۆڕێت قسەیەكی دیكەمان دەبێت

وتەبێژی یەكێتی: فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان دەكات

2019.05.07 - 14:38
وتەبێژی یەكێتی: فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان دەكات
ناس كورد- شەهرام عەزیز وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری دانیشتنەكەی سبەینێی پەرلەمانی كوردستان دەكات و ئەگەر تا سبەینێ شتێك ڕووبدات پێچەوانەی ڕێكەوتنەكەیان بێت لەگەڵ پارتی، قسە و هەڵوێستێكی دیكەیان دەبێت". . لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە ناس كورد-ی وت"تا ئێستا بەپێی ڕێكەوتنمان لەگەڵ پارتی فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری دانیشتنەكەی سبەینێی پەرلەمانی كوردستان دەكات بۆ دەنگدان بە پڕۆژە یاسای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم". . ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر تا سبەینێ هەرشتێك پێچەوانەی ڕێكەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی ڕووبدات، ئەوا قسەیەكی دیكەیان دەبێت و ئەوكات هەڵوێستی خۆیان ڕادەگەیەنن. . هاوكات، عەباس فەتاح، جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی بۆ ناس كورد-ی روونكردەوە "لە ئێستادا سەرقاڵی گفتوگۆ و تاوتوێی پڕۆژە یاسای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمین بەتایبەتی لەبارەی جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم". . ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد، ڕاستە ڕێككەوتنیان لەگەڵ پارتی هەیە تایبەت بەوەی سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت، بەڵام دەیانەوێت لە پڕۆژە یاساكەشدا ئاماژەی پێ بكرێت و بكرێت بە یاسا و جێگیر بكرێت، بۆ ئەوەی لە دانیشتنەكەی سبەینێی پەرلەماندا قسەی جیاواز دروست نەبێت لەسەر دەستەواژە و ماددەكان. . ڕوونیشیكردەوە، ئەگەر لە ماددەكەدا بنووسرێت "سەرۆكی هەرێم جێگری دەبێت" ئەوا هەندێك كەس دەڵێن لە ڕووی دەستەواژەوە ئەوە دەگەیەنێت دەتوانرێت سێ جێگریش دابندرێت، بۆیە دەیانەوێت پڕۆژە یاسەكە لەو كێشانە بەدوور بگرن. . لێدوانێكی دوێنێ (دووشەممە)ی ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی ئەوەی پڕۆژە یاسای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم گۆڕانكاری تێدا ناكرێت و هەروەك ڕابردوو دەنوسرێت "سەرۆكی هەرێم جێگری دەبێت"، كاردانەوەی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لێكەوتەوە و بەشێك لە پەرلەمانتارانی یەكێتی بەشدارینەكردنی فراكسیۆنەكەیان لە دانیشتنەكەی سبەینێی پەرلەمان بەو هۆیەوە بەدوور نەزانی بوو. .