گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ئازادکراوە یان هێشتا دەستبەسەرە؟

زانیاری نوێ‌ لەبارەی دۆسیەی دەستگیركردنی گۆرانیبێژ ئاوات بۆكانی

2019.05.07 - 14:00
زانیاری نوێ‌ لەبارەی دۆسیەی دەستگیركردنی گۆرانیبێژ ئاوات بۆكانی
ناس كورد-شەهرام عەزیز دەنگۆی ئازادكردنی گۆرانیبێژی میلی ئاوات بۆكانی رەتدەكرێتەوە و پۆلیسی كۆیەش جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە هێشتا كەیسەكەی لە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان دانەخراوە و ئەو بە كەفالەت ئازاد كراوە. . سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی تایبەت بە ناس كورد-ی وت "ئاوات بۆكانی تا ئێستاش دەستبەسەرە و ئازاد نەكراوە و لەسەر دوو دۆسییە گیراوە، یەكێكیان دۆسیەی شەڕ و ئەوی دیكەیان هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەتە". . دوای ئەوەی دوو ڕۆژ پێش ئێستا هونەرمەندی میلی ئاوات بۆكانی لەلایەن پۆلیسی سلێمانیییەوە دەستگیركرا، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە كە ئازاد كرابێت و ئەو ژنەی كە سكاڵای لەسەر تۆماركردووە دەستگیركرابێت. . سەركەوت ئەحمەد ئەو دەنگۆیانەشی ڕەتكردەوە كە باس لەوە دەكەن ئافرەتێك لەسەر كەیسەكەی ئەو تۆمەتبارە دەستگیركرابێت. . هاوكات، دەربارەی دۆسیەیەكی تری ئاوات بۆكانی كە بەهۆی تەقەكردن لە دوو كەس و برینداركردنیان بە ماددەی 405 دەستگیركرابوو، عەلی عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە بە ناس كورد-ی وت"ئەو تۆمەتبارە بە كەفالەت ئازادكراوە و هێشتا دۆسیەكەی دانەخراوە و دادگایی كردنی ماوە". . بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە ئاماژەی بەوەشكرد، نازانن ئاوات بۆكانی و ئەو دوو بریندارە لە دەرەوەی دادگا ڕێككەوتوون یاخود نا، بەڵام تا ئێستا لە دادگا لێیخۆش نەبوون. . لەراگەیەندراوی دەستگیركردنی بۆكانیدا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوە كردبوو، دوای پشكنینی ئۆتۆمبێلەكەی دەستگیرا بەسەر دەمانچەیەكی جۆری تۆكاریف و شانەیەك و 20 فیشەك و چەكێكی جۆری ویزە لەگەڵ شانەیەك و 27 فیشەك هەروەها مەغزەنێكی جۆری كڵاشینكۆف و چواردە فیشەك كە لە ئۆتۆمبێلەكەیدا بووە. .