گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تووشبوونەوەی دووەمجار بە کۆرۆنا ئەگەرێکی زۆر کەمە.. پسپۆڕێکی کورد مژدەى پێیە

2020.10.25 - 12:28
App store icon Play store icon Play store icon
تووشبوونەوەی دووەمجار بە کۆرۆنا ئەگەرێکی زۆر کەمە.. پسپۆڕێکی کورد مژدەى پێیە

ناس کورد-

پزیشکێکی پسپۆری کورد دەڵێت، تووشبوونەوەی دووەم جار بە کۆرۆنا ئەگەرێکی زۆر کەمە و ژمارەکەی لە جیھاندا لە پەنجەکانی دەست زیاتر نییە، پەیجی فەرمی تەندروستیی سلێمانیش بابەتەکەى بۆ بڵاوکردووەتەوە هەرچەندە پیشتر بوونی دەیانی حاڵەتی دووبارە توشبوونەوەى ڕاگەیاند.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە بابەتێکدا کە پەیجی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی لە فەیسبوک بڵاوی کردووەتەوە و ناس کورد بەدواداچوون بۆ کردووە (25ی تشرینی یەکەمی 2020)، د. سەروەر عارف دەڵێت، ھەرچەندە باس لە تووشبوونی دووەم جار ئەکرێت بەڵام ڕاستیەکان کە تائێستا بڵاوکراوەتەوە بەم شێوەیەیە:

یەکەم: ژمارەی تووشبوونی دووەمجار لە جیھاندا تا ئێستا تەنھا پێنج کەس تووشبوون بۆ دووەمجار( کە ئەم ژمارەیە کوردستان ناگرێتەوە)


دووەم: پێشبینی دەکرێت کە بەرگری لەش بۆ نەخۆشی کۆرۆنا بەلایەنی کەم حەوت مانگ بێت، وە ئەگەر ھاوشێوەی جۆرەکانی تری فایرۆسی سارس بێت ئەوە دوو بۆ سێ ساڵ بخایەنێت.


سێیەم: ئەوەی لە کوردستان باس ئەکرێت زیاتر حاڵەتێکە کە تەنانەت تا دووای 10ھەفتە ئەگەری گەڕانەوەی ھەندێ نیشانەکان ھەیە بەھۆکاری نادیار کە لەوانەیە ھیلاکی زۆر ، تێکەڵ بوونی زیاتر یان کەمی بەرگری کە لە ڕاستیدا ئەم حاڵەتە ھۆکارەکەی ڕوون نیە وە پێ ی ئەوترێ تووشبوونی درەنگ کە ھەر تووشبوونی یەکەمە و پێی دەڵێن (post acute infection).


چوارەم: دووای چاكبوونەوەش لەوانەیە ڤایرۆسەکە لە پێکھاتەکانی لەش لەوانە خانەی دەمارەکان بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە (تا شەش مانگیش) کە بەرگری لەش ناتوانێ لە ناویان ببات چونکە ئەو خانە دەمارانە زۆر ئەمێننەوە.

 

ئەوە لەکاتێکدا پێشتر هەمان بەڕێوەبەرایەتی جەختی کردەوە کە دەیان حاڵەتی دووبارە توشبوونەوە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی تۆمارکراون.

 

یاد نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروستیی سلێمانی (11ی تشرینی یەکەمی 2020) بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "دەیان حاڵەتی دووبارە توشبوونەوە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون، لەئێستادا سەرقاڵی ئامادەکردنی ئەو داتایەین بۆئەوەی ژمارەکان بە وردی لەبەردەستماندا بێت".