ناس کورد-
مامۆستایەكی كۆلێژی پزیشكی باس لەو رێككارە پزیشكی و زانستی و یاساییانە دەكات كە لەپاش ڕوودانی حاڵەتەكانی دەستدرێژی سێكسی پێویستە بگیرێنە بەر و داوا دەكات بەزوترین كات حاڵەتەكان بگەیەنرێنە پزیشكی دادوەری.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە نوسینێكدا دکتۆرە دیلمان ئازاد حەسن، پسپۆری پزیشکی دادوەری و مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکی كە "ناس كورد" دیویەتی (شەممە 24 تشرینی یەكەمی 2020) بەناونیشانی "وەرگرتنی نمونە لە لەش دوای دەست درێژی سێكسی" ئەم بابەتەی خوارەوەی بڵاوكردووەتەوە:
ئەم بابەتە زانستییە زۆر گرنگە لە ڕووی پزیشکی دادوەری و دادگا و پارێزەر و دادوەرەکان زۆر سوودی لێ وەردەگرن.
لە حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی زۆر جار ئێمەی پزیشکی دادوەر توشی کێشە دەبێتن، چونکە حاڵەتەكانی دەستدرێژی سێكسی جگە لە پشکنینی قوربانییەکە کۆمەڵێک نمونە هەیە لەڕووی زانستییەوە دەبێت وەربگیریت تاکو بەڵگەکان بەهێزتر بن و ئاسەوار لەسەر جەستە بزر نەبیت. بەڵام لیرە زۆر کاتی پێ دەچی تاکو دەچێتە دادگا پاشان دەنێردریتە پزیشکی دادوەری زۆر شت وون دەبێت، بۆیە داوا دەکەم بە زووترین کات ئەو حالەتانە بگەنە پزیشکی دادوەری…
هەندێ لەو نمونانەی کە پێویستن وەربگیرێن لەکاتی ڕوودانی دەستدرێژی سێکسی و تاوانی تر:
١-وەرگرتنی نمونەی خوێن و میز: مانەوی کحول و دەرمان لە هەر یەک لە خوێن و میز پشت دەبەستێت بە جۆر و ڕێژەکەی. هەریەک لە کحول و دەرمان تاکو ٧٢ کاتژمێر لەخوێن وەردەگیریت لەدوای ٧٢-٩٦ کاتژمیر تەنها سوود لە میز وەردەگیریت.
٢-مووی جەستە بەگشتی: مادەی وشکبۆوە بۆماوەی چەند ڕۆژێک دەمینێتەوە هەرکە تیبینی کرا دەبێ وەک سامپل وەربگێریت بەڵام بۆ پشکنینی دەرمان سوودی نیە تاکو ٤ رۆژ تێپەر نەبیت لەسەر خواردنی دەرمانەکە.
٣-وەرگرتنی سامپل لە پێست لە شوینی بەریەککەوتن:
ماددەی نامۆ لەسەر پێست تاکو ٤٨ کاتژمێر دەمێنێتەوە هەرچەندە هەندێ تاقیککردنەوە دەڵێن تاکو ١ هەفتە دەمێنێت بەڵام ئیمە تاقیگەکانمان زۆر پێشکەوتوو نییە بۆیە تاکو ٤٨ کاتژمیر.
٤-نمونەی ناو دەم پاش غەرغەرەکردن: سپێرم بەگشتی تاکو ٤٨ کاتژمیر لەناو دەم دەمێنی پاش روودانی دەست درێژییەکە.
٥- بەشی دەرەوەی کۆئەندامی زاوزێی مێینە:
هەمان شێوەی پێست بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر سوودی هەیە بۆ سامپل وەرگرتن.
٦- بەشی ناوەوەی کۆئەندامی زاوزێی مێینە:
بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ دەتوانریت سوودی لێوەرگیریت بۆ سامپل وەرگرتن.
٧- پشکنینی ژێر نینۆک: کاتی دیاریکراوی نییە زۆر ماددەی جیاوازی تیدا دەدۆزرێتەوە.
لێرە بۆمان دەردەکەویت کە تاوان و دەست درێژی سێکسی نابیت دوابکەویت لە هاتنیان بۆ پزیشکی دادوەری بەڵام بە داخەوە لەم وڵاتە ڕووداوی وا هەبووە دوای دوو سێ مانگ هاتوون بگرە زیاتریش زۆر جار داوامان کردووە کە ئەو دواکەوتنە چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی مافی قوربانی نەخوریت بەڵام چارە نەکراوە.
بۆیە کاتەکانم لەم بابەتە دانا تاکو خەلک هوشیاری هەبێت و خۆی تاخیر نەکات و بەهیچ شێوەیەک ئەو کەسە جلی نەگۆڕێت و خۆی نەشوات و دەمی نەشوات بەگوێرەی ئەو حالەتەی تووشی دەبێت.
*سەرچاوەی داتاکان : oxford hand book of forensic medicine.