گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دارایی پەرلەمان بڕە پارەى پێویست بۆ دابینکردنى موچەى مانگەکانى داهاتوو ئاشکرادەکات

2020.10.24 - 23:26
دارایی پەرلەمان بڕە پارەى پێویست بۆ دابینکردنى موچەى مانگەکانى داهاتوو ئاشکرادەکات

ناس کورد-

 

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەت بۆئەوەی بتوانێت موچەی مانگەکانی داهاتووی فەرمانبەران دابینبکات پێویستی بە 20 ترلیون دینار هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی 10 ڕۆژی داهاتوودا پەرلەمانی یاسای کورتهێنانی دارایی پەسەند دەکات.

 

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ( 24ی تشرینی یەکەمی 2020) لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا کە ناس کورد بینویەتی ڕایگەیاند، "حکومەت بودجەیەکی بچوکی بەناوی یاسای کورتهێنانی دارایی پێشکەش بە پەرلەمان کردووە، وردبینیمان بۆ یاساکە کردووە، بەڵام پێویستە حکومەت لە ئێستادا کار بکات بۆ زیادکردنی داهاتەکان بە تایبەتی داهاتە نا نەوتییەکان".

 

 ئاماژەی بەوەشکردووە، "پەرلەمان بەباشی لەپێدوایستییەکانی فەرمانبەران و خانەشینان تێدەگات کەدەبێت شایستە داراییەکانیان دەستەبەر بکرێت، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین بەردەوامبوونی حکومەت لە قەرزکردن بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستییە داراییەکان بە تایبەتی موچە لە داهاتوو کاریگەری خراپی دەبێت بۆ سەرنەوەکانی داهاتوو".

 

بڕیاردەرەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستووەتە ڕوو، "حکومەت بۆ ئەوەی بتوانێت موچەی مانگەکانی داهاتووی فەرمانبەران دابینبکات پێویستی بە 20 ترلیون دینار، لە ماوەی 10 ڕۆژی داهاتوودا پەرلەمانی یاسای کۆرتهێنانی دارایی پەسەند دەکات کە بەنزیکەی 41 تریلیۆن خەمڵێندراوە".

 

وەزارەتى دارایى عێراق لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە رایگەیاند (23ى تشرینى یەکەمى 2020)، "پابەندبوونى خۆمان بە دابینکردنى موچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانى چاودێرى کۆمەڵایەتى، دوپات دەکەینەوە".  

  

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، وەزارەتى دارایى لەئامادەکاریدایە بۆ دانان و تەواوکردنى پڕۆژە یاساى بودجەى 2021 و ناردنى بۆ پەرلەمان بۆ پەسەندکردنى.  

  

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، وەزارەتى دارایى نەخشەڕێگایەک دادەنێت بۆ تەمویلکردنى مووچە و خەرجییە سەرەکییەکان بۆ ئەو سێ مانگەى لەمساڵدا ماوە.