گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’بیر لەوە دەكەینەوە بگەین بە چارەسەر’’

سەرکردەیەکى یەکێتى باسى ’’شەڕى بودجەى رۆژهەڵاتى دێگەڵە’’ لەگەڵ پارتى دەکات

2020.10.24 - 23:15
سەرکردەیەکى یەکێتى باسى ’’شەڕى بودجەى رۆژهەڵاتى دێگەڵە’’ لەگەڵ پارتى دەکات

ناس کورد-

 

سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەم هەلومەرجەدا بیر لەوە دەكەنەوە كە لەگەڵ پارتی بگەن بە چارەسەر، ئاماژە بەوەشدەکات بۆ دابینکردنى بودجە بۆ رۆژهەڵاتى دێگەڵە وەک ئەوە وایە لەشەڕدابن لەگەڵ پارتى.

 

 

دواى ماوەیەک لە ئاسایی بوونەوەى پەیوەندییەکانیان، لەساڵیادى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەردا پەیوەندییەکانى هەردوو حزب لەسەر ئاستى حزب و حکومەت جارێکى تر روو لە ئاڵۆزبوون کردەوە، بەهۆى شەڕى میدیایی نێوانیانەوە.

 

بێستون سابوراوایی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە ناس كوردی رایگەیاند (24ی تشرینی یەكەمی 2020) "پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی لەبنەڕەتەوە لەسەر بنەمای یەكێتیی و ململانێیە، چونکە هەمیشە رەئی تایبەتی خۆمان بەرامبەر هەڵوێستەكانی ئەوان هەیە".



وتیشى "لەم هەلومەرجەشدا وەك یەكێتی بیر لەوە دەكەینەوە كە لەگەڵ پارتی چارەسەرێك بدۆزینەوە خەڵكی كوردستان سوودمەند بن، ئێمە هیچ جۆرە رێككەوتنێك لەگەڵ پارتی لەسەر حسابی خەڵكی كوردستان ناكەین ئەوە بڕیاری سەركردایەتی یەكێتییە".

 

سابوراوایی دەڵێت "هەموو تێڕوانینەكانمان لەگەڵ پارتی لەسەر ئەو بناغەیەیە كە ئەوان دەیانەوێت كەمتر ئیش بۆ خەڵكی كوردستان بكرێت، ئێمەش دەمانەوێت زۆرترین ئیش بۆ خەڵك بكرێت ئەوە جیاوازییەكەیە".

 

سەبارەت بەوەی زۆرجار بەرپرسانی پارتی یەكێتی بەوە تۆمەتبار دەكەن كە ئەوان لەناوچەكانی خۆیان ئیشی زۆریان كردووە، بەڵام لەیەكێتی كەمترین ئیشی بۆ خەڵكی ناوچەكەی خۆی كردووە، سەركردەكەی یەكێتی دەڵێت "ئەوان لەكاتێكدا دەتوانن ئەو رەخنەیە بگرن كە سەرچاوەكانی داهات لەدەستی پارتیدا نەبێت، ئەو كاتەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پارتی بۆ یەكجاریش تەنازول لەوە بكات و وەزیرێك ئەگەر لەیەكێتیش نەبێت لەلایەنەكانی دیكە دابنێت، ئەمانە پرسیار دروست دەكەن و ئەوانەش وەڵامی رەخنەكانی پارتییە كە هەموو خەڵكی كوردستان دەیزانێت".

 

دەشڵێت "جگە لەوەش ئەی كێیە داهاتە نەوتییەكان بەكەیفی خۆی بۆند دەكات لەگەڵ وڵاتان و توركیا؟، ئەی كێیە لەسنورەكانی ئەواندا دەستی گرتووە بەسەر بیری نەوتدا و داهاتەكەی ناچێتە خەزێنەی پارتی، بەڵكو بۆ تاكە كەسێك دەڕوات؟، ئەی كێیە بەهیچ شێوەیەك ئاوڕ لەناوچەكانی رۆژهەڵاتی دێگەڵە ناداتەوە و بەناوچەی خۆی نازانێت هیچ جۆرە بودجەیەكی بۆ دابین ناكات".

 

"هەرچییەك كراوە لەمەسەلەی دابینكردنی بودجە وەك ئەوەیە لەشەڕدا بیت لەگەڵ پارتی بۆ ئەوەی بتوانیت هەندێك دەستكەوت بۆ خەڵك لەڕۆژهەڵاتی دێگەڵە دابین بكەین"، سابوراوایی وایوت.

 

دەربارەی ئەوەشی ئایا هیچ وادەیەك هەیە بۆ كۆبوونەوەی نێوانیان، سابوراوایی دەڵێت "هیچ كاتێك دەرگای كۆبوونەوە داناخرێت".