گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

كۆمەڵناسێكی فەرەنسی پێشنیاری چارەسەرێك دەكات بۆ قەیرانی ’’تیرۆری ئیسلامی’’

2020.10.24 - 21:28
كۆمەڵناسێكی فەرەنسی پێشنیاری چارەسەرێك دەكات بۆ قەیرانی ’’تیرۆری ئیسلامی’’

ناس کورد-

 

رافاییل لیوگییری كۆمەڵناسی فەرەنسی رایگەیاند، چارەسەری "توندڕەوی ئیسلامی" زیاتر لەمەی ئێستا ئەوەی دەوێت کە پێویستە سیاسییەكانی فەرەنسا واز لە بەنزین كردن بەئاگردا بهێنن.

 

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی چەپڕەوی میسری رصیف 22 (شەممە 24 تشرینی یەكەمی 2020) لیوگییر رەخنەی لە سیاسەتی وڵاتەكەی گرتووە لە بارەی مەسەلەكانی حیجاب و بوركینی و پاڵنەری ئەو بڕیارانەی گەڕاندووەتەوە بۆ "ریكلامی هەڵبژاردنی سیاسییەكان". 

 

ئەم كۆمەڵناسە فەرەنسییە جەخت لەوە دەكاتەوە هەنگاوی پێویست لە ئێستادا "راگرتنی بەنزین پێداكردنی زیاتری ئاگرەكەیە لەو شتانەی پەیوەستن بە توندڕەوی". هەروەها دەڵێت "سیاسییە فەرەنسییەكان پاساو دەدەنە دەست ئەوانەی بەنیازن زیان لە كۆمەڵگای فەرەنسی بدەن و شەڕێكی نا پێویست هەڵدەگیرسێنن". 

 

ماوەیەكە پەیوەندی جیهانی ئیسلامی و كۆماری فەرەنسا گرژی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت، لەدوای سەربڕینی مامۆستایەكی فەرەنسی كە كاریكاتێری لەسەر پێغەمبەری ئیسلام كردبوو قەیرانەكە قووڵتر بووەتەوە، لەدوا پێشهاتی ئەو ئاڵۆزییەشدا ماكرۆن هەڵمەتێكی گەورەی بەرپاكردووە بۆ دژایەتی دیاردەیەك كە ناوی ناوە "تیرۆری ئیسلامی" لەم میانەیەشدا رێگەی داوە بە نمایشكردنەوەی كاریكاتێرەكان كە موسوڵمانەكان بە سوكایەتی و بێڕێزی دژ بە پێغەمبەری لەقەڵەم دەدەن.



ئەو هەنگاوەى فەرەنسا کاردانەوەى زۆرى لێکەوتووەتەوە لەسەر ئاستى جیهان و کاردانەوەکان گەیشتوەتە هەرێمى کوردستان هەڵمەتی بایکۆتکردنی کالای فەڕەنسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێمی سەریهەڵداوە.