ناس کورد-
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەنووسراوێكدا رێنمایی تایبەتی لەبارەی فڕۆشتنی ئۆتۆمبێلەكانی حكومەت بە فەرمانبەران بڵاوكردەوە.
لە نووسراوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە واژووی رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابوریی بەسەرەوەیەو وێنەیەكی دەست ناس كورد كەوتووە، ئاماژە بەوە كراوە ئەو فەرمانبەرانەی ئۆتۆمبێلی حكومییان پێ فرۆشراوە، گوژمەكەی بكرێتە پێشینە لەسەریان و بە 10 ساڵ و بەشێوەی 120 پشكی مانگانە و لەكاتی دابەشكردنی مووچەدا لەمووچەكانیان ببڕدرێت.
بەپێی رێنماییەكە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی كەسین، دەنێردرێن بۆ لیژنەی باڵا بۆ فرۆشتنیان، ئەگەر دواتر دەربكەوێت خەرجییان بۆ كراوە لەسەر خەزێنەی حكومەت، ئەگەر لیژنەی باڵا ڕەزامەند بوو لەسەر فرۆشتنیان، ئەوا قیستەكانیان كەمدەكرێتەوە بۆ 4 ساڵ و بەشێوەی 45 پشك (قیست)ی مانگانە لەكاتی دابەشكردنی مووچەدا لەمووچەكانیان دەبڕدرێت.
لەرێنماییەكەدا جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە، وەرگرتنەوەی ئەو بڕە پارانە لەدوای تێپەڕبوونی مانگێك لەتۆماركردنی ئۆتۆمبێلەكان لەسەر ناوی فەرمانبەران دەستپێدەكات.
بەپێی بەدواداچوونەكانی ناس كورد، ئەگەر ئۆتۆمبێلێك بە 12 هەزار دۆلار (120 وەرەقە) بخەمڵێنرێت، ئەو فەرمانبەرەی كە ئۆتۆمبێلەكە دەكڕێت مانگانە تەنها 100 دۆلاری لێ وەردەگیرێت، بەواتایەكی تر لەماوەی یەك ساڵدا فەرمانبەرەكە تەنها هەزارو 200 دۆلار (12 وەرەقە) دەدات.
ناس كورد لەسەرچاوەیەك لەوەزارەتی داراییو ئابوری حكومەتی هەرێمەوە زانیوویەتی، ئۆتۆمبێلە حكومییەكان بەو فەرمانبەرانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەفرۆشرێت كە ئۆتۆمبێلیان لەئەستۆدایە.
سەرچاوەكە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە "نابێت ئەو فەرمانبەرەی كە ئۆتۆمبێلەكەی پێ دەفڕۆشرێت لەدۆخی تەنسیبكردن بێت و ناشبێت ئۆتۆمبێلەكە ئۆتۆمبێلی گشتی بێت و بۆ گواستنەوەی ژمارەیەك لەفەرمانبەر بەكاربهێنرێت".