ناس کورد-
ئەندامێكى لیژنهى وزه و سامانە سروشتییهكانى پەرلەمانى كوردستان ئاشكرايكرد، حكومەتى عێراق ڕێگرە لەوەى هەرێمى كوردستان داهاتى نەوت لە دۆلارەوە بگۆڕێت بە دينار لە رێگەى مەزادى ئاشکراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مانگى رابردوو وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا شێوازى گۆڕینى دۆلار بە دینار بگۆڕێت و ئەو کارە بەشێوەی فرۆشتنی ئاشکرا بێت، بەڵام تائێستا بڕيارەكە جێبەجێ نەكراوە.
شێركۆ جەودەت ئەندامى ليژنەى وزه و سامانە سروشتیهكان و پیشهسازى و بازرگانی پەرلەمانى كوردستان بە "ناس كورد"ى راگەیاند (24ى تشرينى يەكەمى 2020) "بڕيارەكە ڕێگرى بۆ دروست بووە و حكومەتى عێراقى ڕەزامەندى لەسەر دەرنەبڕیوە".
سەبارەت بە هۆكارى ڕەتكردنەوەى لەلايەن حكومەتى عێراقيەوە، شێرکۆ جەودەت وتى "هۆكارى ڕەتكردنەوەى ئەوەيە كە بڕيارەكە پەيوەندى بە دراوى عێراقييەوە هەيە، لە ئێستادا بڕيارەكە وەستاوە و دياريش نييە كە لە داهاتودا جێبەجێ دەكرێت ياخود نا".
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان (19 ئەیلولى 2020) لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لەمەدوا گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار بەشێوەی فرۆشتنی ئاشکرا دەبێت و سەرجەم بانکە ئەهلی، کۆمپانیا و نوسینگەکانی گۆڕینەوەی دراو دەتوانن بەژدار بن، لە پرۆسەی کڕینی ئاشکرا گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار.
ئاماژە بەوەشکراوە، بۆ ئەو مەبەستە گروپێکی ئەلیکترۆنی کارا کراوە کە سەرجەم بانکە ئەهلیەکان و کۆمپانیاکان و نوسینگەکان کە مۆڵەتی فەرمیان هەیە بۆ گۆرینەوەی دراو، دەتوانن بەژداربن لەو پرۆسەی کڕینی ئاشکرایەدا بۆ گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار.
وەزارەتى دارایی جەختیکردووەتەوە، ئەم هەنگاوە لە پێناو نەهێشتنی قۆرخکاری و هەلی وەک یەک بۆ هەمووان و زیادکردنی داهاتی گشتیدایە.