گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هاوپەيمانێتییەکەى حەلبوسى لەسەر هەوڵى لەسەرکارلابردنى هاتە دەنگ

2020.10.24 - 16:54
هاوپەيمانێتییەکەى حەلبوسى لەسەر هەوڵى لەسەرکارلابردنى هاتە دەنگ

ناس کورد-

 

هاوپەيمانى عێراقيون كە محەمەد حەلبوسى سەرۆكى پەرلەمان سەرۆكايەتى دەكات جەختدەکاتەوە، نیگەران نین لەو هەوڵانەى بۆ لەسەركار لابردنى حەلبوسى دەدرێت و پێيان وايە، هێزى ئەو لە سەرۆكايەتى پەرلەماندا نييە.

 

عەبدوڵا خەربيت سەركردە لە هاوپەيمانى عێراقيون بە ناس کوردى وت (24ى تشرينى يەكەمى 2020) "كورسى ڕاستەقينەى محەمەد حەلبوسى دڵى خەڵكى ئەنبارە كە بە 85 مليار دينار ئاوەدانيكردەوە، كەسانى تر خۆيان بە گەورە دەزانى بەڵام ئەنبار هەر لە شوێنى خۆيدا بوو ئەوەش سەرەڕاى خەرجكردنى يەك ترليۆن دينار؟".

 

ئاماژەى بەوەشکرد "حەلبوسى تەنها بە 85 مليار دينار ئەنبارى هەستاندەوە كە ئەو پارەى لە وەزارەتى كۆچ و كۆچبەران وەرگرت بۆ گەڕاندنەوە سەقامگيرى و ئەوەشى كرد، ئەوە كورسى حەلبوسييە كە لەسەرى دانیشتووە".

 

سەبارەت بەو هاوپەيمانێتيە نوێيەى پێكهێنراوە و هەوڵى لێسەندنەوەى متمانە لە محەمەد حەلبوسى دەدەن، عەبدوڵا خەربيت وتى "ئێمە كوتلەيەكين و ئەوانيش كوتلەيەك، ڕكابەرى سياسى شەرعييە و ئەركە، لە هەموو مەيدانەكاندا بەسەرياندا زاڵ دەبين".

 

ڕۆژى هەينى (23 ى تشرينى يەكەمى 2020)، 35 پەرلەمانتارى سونى هاوپيەمانێتيەكيان ڕاگەياند و بڕيارى ئەوەشياندا هەوڵى لێسەندنەوەى متمانە لە محەمەد حەلبوسى سەرۆكى پەرلەمانى عێراق بدەن، بەهۆى ئەوەى كەسێكى "گەندەڵە".

 

لەلێدوانێکیدا بۆ سۆمەرییە نیوز کە ناس کورد بەدوداچوونى بۆ کردووە، عەلى سەجرى پەرلەمانتارى عێراق ڕایگەیاند (23ى تشرینى یەکەمى 2020)، ئەمڕۆ زیاتر لە 35 پەرلەمانتار لەماڵى قاسم فەهداوى وەزیرى پێشووى کارەبا کۆبونەتەوە و بەرەیەکى نوێى سیاسیان ڕاگەیاندووە.  

  

سەجرى ئەوەشى ئاشکرا کردووە، ئەو بەرەیە بەمدواییانە لەگەڵ هەریەکە لە مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى و بەرپرسانى یەکێتى و نورى مالیکى و هادى عامرى و فالح فەییاز و قەیس خەزعەلى دا کۆبونەتەوە.  

  

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت :"ئومێد دەکەین موقتەدا سەدر پشتوانى بەرەکە بکات بۆ ئەوەى سەرکەوتوو بێت لەڕاستکردنەوەى پڕۆسەى سیاسى لەپێناو وەرگرتنەوەى متمانە لەمحەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمان".  

  

باسى لەوەش کردووە، بەرەکە داوا لە هاوبەشەکانیان دەکات حەلبوسى لەپۆستى سەرۆکایەتى پەرلەمان دووربخەنەوە بەهۆى ئەوەى تاوانى گەندەڵى گەورەى ئەنجامداوە و کار بۆ پەرتکردنى عێراق دەکات.  

  

لەکۆتایى وتەکانیدا سەجرى ئەوەشى خستووەتە ڕوو، بەرەکەیان ئوسامە نوجەیفى سەرۆکایەتى دەکات و پێکدێت لەژمارەیەک لە بەرپرسانى سیاسى و پەرلەمانتاران کە لەناویاندا خەمیس خەنجەر و ئەبو مازن و چەندین پەرلەمانتارى ترى تێدایە کە کار بۆ پاراستنى شکۆى پەرلەمان و یەکپارچەیى خاکى عێراق دەکەن.  

  

وتەکانى ئەو پەرلەمانتارە دواى ئەوە هات، پێشتر و لەمیانەى کۆبوونەوەیەکیاندا، 35 پەرلەمانتارى عێراق بەرەیەکى نوێى پەرلەمانى سونییان پێکهێنا.    

  

مشعان جبورى، یەکێک لەسەرکردەکانى بەرەکە بە ناس کوردى راگەیاند، کەمێک لەمەوبەر کۆبوونەوەکە کۆتایهات و تیایدا ئامادەبووان رێککەوتن لەسەر پێکهێنانى بەرەیەکى نوێى پەرلەمانى سوننى.    

  

وتیشى "بەرە نوێکە پێکدێت لە پەرلەمانتارەکانى فراکسیۆنى جەماوەرى نیشتیمانى بەسەرۆکایەتى ئەحمەد جبورى- ئەبو مازن، پڕۆژەى عەرەبى بەسەرۆکایەتى خەمیس خەنجەر، بەرەى ڕزگارى و گەشەپێدان بەسەرۆکایەتى ئوسامە نوجەیفى و حزبى ئیسلامى بە سەرۆکایەتى رەشید عەزاوى و کۆنگرەى مەدەنى بۆ چاکسازیى بە سەرۆکایەتى سەلیم جبورى.