گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کە توشی کۆرۆنا بوین چی بخۆین؟.. پسپۆڕێکی کورد وەڵام دەداتەوە

2020.10.24 - 09:35
کە توشی کۆرۆنا بوین چی بخۆین؟.. پسپۆڕێکی کورد وەڵام دەداتەوە

ناس کورد-

پزیشکێکی پسپۆڕی خۆراک چەند ڕێنماییەکی نوێی کۆمەڵەی پسپۆڕانی خۆراکی بەڕیتانیای بڵاوکردەوە بۆ خۆپاراستن لەکاتی توشبوون بە کۆرۆنا کە ئەوانیش زیادکردنی هەردوو ڤیتامین (سی و دی)ن لە لەشدا.

 

د. کامەران ژاژڵەیی، پزیشکی پسپۆڕ لە زانستی خۆراک لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاندووە: "لەگەڵ سەرهەڵدانی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا، کۆمەڵەی پسپۆڕانی خۆراکی بەریتانیا پێشنیازی کردووە کە وەک هەنگاوێکی فریاگوزاری، هەموو کەسێکی سەرو 18 ساڵ ئەم دوو ڤیتامینە وەربگرێت ڕۆژانە:
ڤیتامین C یەک گرام
ڤتامین D تەنها 600 بۆ 800 وەحدەی نێودەوڵەتی.

ڕوونیشیکردووەتەوە، وەرگرتنی ڕێژەی پێویست لە ڤیتامین دی و سی ڕۆڵێکی بنەڕەتی هەیه لە کۆئەندامێکی بەرگریی جەستەی تۆکمە و بەهێز.

ئەو پزیشکە پسپۆڕی ئاماژەی بەوەشکردووە، چەندین توێژنەوەی تازەش دەرخستووە، ئەو کەسانەی کە ڕێژەی ئەم دوو ڤیتامینەیان ئاساییە، لە کاتی توشبوونیشدا بە کۆرۆنا، ئەگەری ڕوودانی دەرئەنجامی خراپ و کوشندە کەمترە و کەمتر پێویستیان بە داخڵ بوون هەیە لە یەکەی چاودێری ورد وزووتر چاک دەبنەوە، لەگەڵ دابەزینی ڕێژەی مردن .


بەوتەی د. کامەران ژاژڵەیی، ئەو پێشنیازە دوای ئەوە دێت کە به تەنها لە ڕێگەی سەرچاوە خۆراکیەکان و چوونە بەر هەتاو ناتوانرێت پشتیان پێ ببەسترێت بۆ دابینکردنی بڕی پێویستی ڕۆژانە لەو دوو ڤیتامینە .

د. کامەران ژاژڵەی دەڵێت: "سەرچاوەی سەرەکی ڤیتامین دی بریتی یە لە چوونە بەر خۆر لە نێوان کاتژمێر 10ی بەیانی بۆ 3ی پاشنیوەڕۆیە، باشترین کات لە نێوان 10 بۆ 12یە، یەک کاتژمێر بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەسە."

باسی لەوەشكردووە: "هەروەها سەرچاوە سەرەکیەکانی خۆراک ماسی سەلەموون ڕۆژانە 200 گرام، قارچک، زەیتی جگەری نەهەنگ سەرچاوەی ڤیتامین دی-یە، هەروەها بە بڕێکی کەم لە شیر و بەرهەمەکانی و هێلکە و جگەری مانگادا هەیە . "

ئەو پزیشکە پسپۆڕەی خۆراک ئاماژەی بەوەشكردووە: "ڤیتامین سی لە سەوزە و میوە بە تایبەت مزرەمەنیەکان و میوە وەرزیەکان و سەوزە گەڵاتۆخەکاندا هەیە؛ بەڵام کێشەی ڤیتامین سی ئەوەیە کە جەستە توانای هەڵگرتنی بڕی زیادە له پێویستی لەشی نیە."

جەختیشیکردووەتەوە: "پێدانی هەر دوو ڤیتامینەکە لە کاتی تووشبوون بە پەتای کۆڕۆنا بە دۆزی زیاتر بەشێکە له پڕۆتۆکوڵی چارسەری کۆڤید - 19 ."