ناس کورد-
بەهۆی کەڵەکەبوونی سوتەمەنی عەمبارکراو و کەمبوونەوەی خواست، نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهان دابەزی و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 41.72 دۆلار و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکاش بە 39.99 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
ئاژانسی ڕۆیتەڕز (هەینی 23ی تشرینی یەکەمی 2020) بڵاویکردەوە، نەوتی برێنێت 0.02% بەهاکەی لەدەستداوە و بە 41.72 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت مامەڵەی پێوەکراوە، هاوکات نەوتی خاوی ئەمریکا 0.1%ـی بەهاکەی لەدەستداوە و بە 39.99 دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە دەستەی وزەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، بڕی سوتەمەنی عەمبارکراوە لە وڵاتەکەیان بەرزبووەتەوە بۆ ملیۆنێک و 900 هەزار بەرمیل کە پێشتر پێشببینی ئەوەیان کردبوو کە ئەو ڕێژەیە تاڕادەیەک کەمببێتەوە.
بەهۆی زۆربوونی ژمارەی توشبوون و مردن بە کۆرۆنا لەماوەی رابردودوا، سەرەڕای کەمکردنەوەی بڕی هەناردەکردنی نەوت لەلایەن ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک+ )، نرخی نەوت بە نزمی ماوەتەوە.
هەرچەندە نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک تا ئاستی (20) دۆلار و کەمتریش دابەزی، بەڵام رێککەوتنەکەی وڵاتانی (ئۆپیک + ) و کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت، ماوەی چەند مانگێکە نرخی نەوتی تا ئاستێکی جێگیر هێشتوەتەوە.