ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆک لەبارەی دەستگیرکردنی چەند کەسێک لە سنوری پارێزگاکە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو کەسانە بە فرمانی دادوەر دەسگیرکراون و بەهیچ شێوەیەکیش بێڕێزی بە کەس نەکراوە و بە جوانترین شێوە دەستگیریانکردوون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دهۆک لە راگەیەندراوێکدا (پێنجشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند: " فەرمانی دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی ئەمڕۆ بەپێی ماددەی 221ـی یاسای سزادانی عێراقی و بە فەرمانی دادوەر بووە و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی دیکە بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری پۆلیس، تۆمەتبارەکانیان دەستگیرکردووە."
ئاماژەی بەوەشكردووە: "بەهیچ شێوەیەک بێڕێزی بە تۆمەتباران نەکراوە و ئەو کەسانەی گیراون بە رێزەوە و بە جوانترین شێوە بەپێی یاسا رەوانەی دادگە کراون".
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دهۆک جەختیکردووەتەوە: " لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە بەشێک لە دەزگەکانی راگەیاندن باس لەوە کراوە کە "بێڕێزی" بە تۆمەتباران کراوە ، بەڵام وەکو پۆلیس هەموو ئەو هەواڵانە رەتدەکەینەوە و ئەوانەی ئەو هەواڵانە بڵاودەکەنەوە خەڵکانی تێکدەرن."
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، شڤان سەعید بەڕۆشکی، بەرپرسی دەڤەری بادینانی هاوپەیمانی نیشتمانی لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیرکرا و دواتریش گۆهدار زێباری، ڕۆژنامەنوس و چالاکوان دەستگیرکرا.
بەگوێرەی وتەی کەسوکار و منداڵەکانی مامۆستا شڤان سەعید، هێزە ئەمنییەکە بەبێ فرمانی دادوەر و ناوبراویان دەستگیرکردووە و بێڕێزییەکی زۆریان پێکردووە و هەڕەشەیان لە ژن و منداڵەکەشی کردووە.