گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەڵوێستى فراکسیۆنى یەکێتى لەبارەى پێشنیازە یاساکەى فراکسیۆنى پارتى

2020.10.21 - 21:14
هەڵوێستى فراکسیۆنى یەکێتى لەبارەى پێشنیازە یاساکەى فراکسیۆنى پارتى

ناس كورد-

فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، تائێستا پێشنیازە یاسای هێما نیشتمانی و نەتەوەییەكانیان نەبینیوە، بەڵام لەم هەلومەرجەدا پێویست نییە و ناشبێت بكرێتە هۆكارێك بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین.

 

لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان بە ناس كوردی راگەیاند (21ى تشرینى یەکەمى 2020)، ئەم پێشنیازە یاسایە كە لەلایەن ژمارەیەك پەرلەمانتارەوە پێشكەشكراوە و ئەوانیش لەسۆشیاڵ میدیاوە بینویانە و پێیانوایە ئەو پێشنیازە یاسایە لەم هەلومەرجەدا پێویست نییە".

 

وەردی روونیكردەوە، رەمزەكان لەلایەن خەڵكی كوردستان زۆر رێزلێگیراون و لەبزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵكی كوردستان هەمیشە رۆڵی گرنگیان هەبووە، بەڵام ئەمەش بەمانای ئەوە نییە كە رەمزەكانیش هەڵەیان نەكردووە و رەنگە لەقۆناغێك لەقۆناغەكان هەڵەیان كردبێت، بەڵام ئایا ئەگەر لەسەر ئەو هەڵەیە كەسێك رەخنەی لێگرت دەبێت حوكم بدرێت؟.

 

لوقمان وەردی وتی "ئەمە نابێت بكرێتە سەرەتایەك بۆ كۆت و بەندكردنی ئازادی رادەربڕین و بەئاڕاستەی بەرتەسككردنەوەی ئازادی رادەربڕین كە ئەوەش لەگەڵ مەبادیئی فراكسیۆن و حیزبەكەشمان ناگونجێت".

 

فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان پێشنیازە یاسای هێما نیشتمانی و نەتەوەییەكانى پێشكەشی سەرۆکایەتى پەرلەمان کردووە و ئێستا لەلیژنەی یاساییە بۆ تاوتوێكردن، لەبڕگەیەکى پێشنیازە یاساکەدا سزا بۆ ئەو کەسانە دیارى کراوە کە بیڕێزى بەرامبەر بە هێما نیشتیمانى و نەتەوەییەکان دەکەن.