ناس کورد-
ئاژانسی (ناسا) ڕایگەیاند، بەنیازن ژمارەیەک وێستگەی ئەتۆمی لەسەرمانگ دروست بکەن، ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ گەیشتن بەهەسارەی مەریخ پێویستیان بە بزوێنەری ئەتۆمی هەیە بۆ ڕۆکێتەکانیان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جیمس برایدنستاین، سەرۆکی ئاژانسەکە لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڤیدیۆیدا لەگەڵ وەزارەتی وزەی ئەمریکا کە ناس کورد بەدواداچونی بۆ کردووە ڕایگەیاند (21ی تشرینی یەکەمی 2020)، "دەمانەوێت جارێکی تر بگەڕێینەوە بۆ سەر مانگ و ماوەیەکی درێژخایەن لەسەر ئەو تەنە بمێنینەوە، ئەو کارەش پێویستی بە وزەی ئەتۆمی هەیە، بۆیە هیواخوازین وەزارەتی وزە هاوکاریمان بکات".
برایدنستاین، ئەوەشی وتوە،" لەئێستادا پێویستمان بەوەیە ڕۆکێتەکانمان بە هێزی بزوێنەرێکی ئەتۆمی یان بزوێنەرێکی ئەتۆمی و کارەبایی کار بکات بۆ ئەوەی بتوانین کات کەمبکەینەوە و بەئاسانی بگەین بەهەسارەی مەریخ، دڵنیاین لەوەی وەزارەتی وزە دەتوانێت ئەو جۆرە بزوێنەرە دروست بکات".
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر (ناسا) داوای لەژمارەیەک بەڵێندەر کردبوو هاوکاریی بکەن لە بنیاتنانی وێستگەیەکی ئەتۆمی بەتوانایی (10) کیلۆ وات لەسەر مانگ.