ناس کورد-
مەسعود بارزانى سەرۆكى پارتى ديموكراتى كوردستان لەكاتى پێشوازيكردن لە باڵيۆزى نەرويج وتى، پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا ئاراستەیەكی ئیجابیان وەرگرتوە و دەرفەتێک هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان.
بارەگاى بارزانى راگەیەندراوێکى لەبارەى کۆبوونەوەى مەسعود بارزانى و باڵیۆزى نەرویج لە عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە (21ى تشرينى يەكەمى 2020)، مەسعود بارزانی، پێشوازی لە خاتوو "تۆنی ئاڵێرز" باڵیۆزی نەرويج لە عێراق كردوە و باس لە بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكان كراون، ئاڵێرز هاوسۆزی و نیگەرانیی خۆشی بۆ ڕوداوی پەلاماردانی بارەگای پارتی لە بەغدا ڕاگەیاندوە.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، تۆنی ئاڵێرز پیرۆزباییشی لە ڕێككەوتنی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال كردوە و بە هەنگاوێكی ئیجابی لە قەڵەم داوە، جەختيشى لە ویستی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان كردوەتەوە.
بارەگاى بارزانى ئەوەشى بڵاوكردوەتەوە، مەسعود بارزانى پەیوەست بە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا وتويەتى "پەیوەندییەكان ئاراستەیەكی ئیجابیان وەرگرتوە و دەرفەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە ئارادایە".