گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆرۆنا دەوڵەمەندەکانى دەوڵەمەندتر و هەژارەکانیش هەژارتر کرد

2020.10.21 - 15:09
کۆرۆنا دەوڵەمەندەکانى دەوڵەمەندتر و هەژارەکانیش هەژارتر کرد

ناس کورد-

بەپێى ئامارە فەرمییەکانى ئەمەریکا، یەکێک لە کاریگەرییە نەرێنیەکانى پەتاى کۆرۆنا لەبوارى ئابووریدا ئەوەیە دەوڵەمەندەکانى زیاتر دەوڵەمەند کردووە و هەژارەکانییشى زیاتر هەژار کردووە.

 

سەربارى دووچاربوونى ئابوورى ئەمەریکا بەقەیرانى بێکارى بەڵام سامانى ملیاردێرەکان لەماوەى چەند مانگێکى کەمدا بڕى 931 ملیار زیادیکردووە.


بەپێی راپۆرتێکى نیوزویک کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە (21ی تشرينی یەکەمی 2020)، کۆى سەروەت و سامانى ملیاردێرەکانى ئەمریکا کە ژمارەیان دەگاتە 644 کەس لە 18ى مانگى ئادارەوە لە 2.95 تریلیۆن دۆلارەوە تا 13ى تشرینى یەکەمى ئەم ساڵ بۆ 3.88 تریلیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە.

 

بەگوێرەى داتاکانى دەزگاى فۆربس ئەو بەرزبونەوەیە لەسەروەت و سامانى ملیاردێرەکانى ئەمەریکادا لەو ماوەیەدا ڕێژەى 31.6 % پێکدەهێنێت.

لەبەرامبەریشدا بەهۆى قەدەغە و کەرەنتینەکردنەوە لە 21ى ئادارەوە تاکو 19ى ئەیلولى ئەم ساڵ، زیاتر لە 98 کۆمپانیا لەولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکادا پەکیانکەتووە و داخراون ئەوەش کاریگەرى نەرێنى بۆ سەر 62 ملیۆن کرێکار و کارمەندى ئەمەریکى هەبووە.

 

باس لەوەش کراوە تا 19ى ئەیلولى ئەم ساڵ نزیکەى 25 ملیۆن هاوڵاتى ئەمەریکى بیمەى بێکاریی وەردەگرن.

 

بەپێى نوسینگەى داتاکانى کارى ئەمەریکاش، داهاتى فەرمانبەرانى ئاسایى لە کەرتى تایبەتى ئەو وڵاتە بەڕێژەى 3.5 % دابەزیوە لە ناوەڕاستى مانگى ئادارەوە بۆ مانگى ئەیلولى ئەم ساڵ.

 

ئەوەش خراوەتە ڕوو، هەر بەهۆى ئەو دۆخەوە، نزیکەى 12 ملیۆن هاوڵاتى ئەمەریکى کە لەلایەن خاوەن کارەوە بیمەى تەندروستیان بۆ دابینکرابوو ئەوەیان لەدەستداوە، نزیکەى 22 ملیۆن کەسیش لەهەفتەى ڕابردوودا نەیانتوانیوە خۆراکى پێویست بەدەستبخەن.