گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاپۆرتێکی فەرمیی توڕەئامێز: بەغدا خەریکە ژێر ئاو دەکەوێت

2020.10.21 - 14:56
ڕاپۆرتێکی فەرمیی توڕەئامێز: بەغدا خەریکە ژێر ئاو دەکەوێت

ناس کورد-

لەگەڵ نزیکبوونەوەى وەرزى زستاندا کە پێشبینى بارانى بەخوڕى تێدا دەکرێت، هۆشداریی دەدرێت لە ژێر ئاوکەوتنى بەغدا، بەهۆى "کەمتەرخەمى" بەرپرسان و ئەنجامنەدانى ئەرکەکانیان.

 

راپۆرتێکى ئەمیندارى گشتى بەغدا کە بۆ مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیران بەرزی کردووەتەوە و دەست ناس کورد کەوتووە (21ی تشرينی یەکەمی 2020)، ئاماژە بە چەندین کێشە دەکات لە هێڵەکانى ئاوەرۆى سەرەکى، کێشەى تەکنیکى گەورە، لەسەر بنەماى کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانى پەیوەندیدار.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، هێڵى گواستنەوەى ستراتیژى ئاوەڕۆ (هێڵى زبن، هێڵى بەغدا و WT) تا ئێستا پاکنەکراونەتەوە و لەدۆخێکى خراپدان، ئەوەش واتا ژێر ئاوکەوتنى بەغدا لەگەڵ بارینى باراندا.

 

بەپێی راپۆرتەکە، کارەکانى پاککردنەوەى هێڵە سەرەکییەکان دواکەوتووە لەلایەن فەرمانگەکانى شارەوانییەوە و تا ئامادەکردنى ئەو راپۆرتە لە 13ى ئەم مانگەدا ئامادەنەکراون، لەگەڵ بوونى کێشەى تەکنیکى و پەککەوتن لە وێستگە سەرەکییەکاندا، لەکاتێکدا بڕیاریان پێگەیشتووە کە تا ناوەڕاستى ئەم مانگە سەرجەم کارەکان تەواو بکەن.

 

بەوتەى سەرچاوەیەکى حکومى بۆ ناس کورد، سەرەڕاى تێپەربوونى هەفتەیەک بەسەر ئەو وادەیەدا کە ئەمیندارى بەغدا دیاریکردووە بۆ تەواوکردنى رێوشوێنەکان، هیچ شتێکى ئەوتۆ نەکراوە.