گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

یاساکان بە ڕێژەی لەسەدا 67 کەمی کردووە

تەنها لەسەدا 14ی پڕۆژەیاساکانی خولی پێشووی پەرلەمان کران بە یاسا

2019.03.05 - 14:58
تەنها لەسەدا 14ی پڕۆژەیاساکانی خولی پێشووی پەرلەمان کران بە یاسا

 

ناس کورد-

 

164 پرۆژەیاسا لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەیان بۆ کرا، بەڵام تەنها 23 یاسا لەو خولەدا دەرچوو، ئەوەش دەکاتە لەسەدا 14ی کۆی پرۆژەیاساکان، پەرلەمانتارێكی خولی چوارەمیش هۆكارەكەی بۆ نالەباری دۆخی ئەو خولی پەرلەمان دەگەڕێنێتەوە.

 

لە بەدواداچوونێكی ناس كورد-دا دەركەوتووە كە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان كە خولی چوارەم بوو، خوێندنەوەی یەکەم بۆ 164 پرۆژە یاسا كردووە، لەو ماوەیەشدا تەنها 23 یاسای دەركردووە، ئەمە لە کاتێکدایە ساڵێك تەمەنی ئەو خولە درێژكرایەوە.

 

لەو بارەیەوە دکتۆر فرسەت سۆفی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "هۆكاری كەمی یاساكان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دۆخی ئەو خولەی پەرەمان دۆخێكی نائاسایی بوو، چونكە نیوەی تەمەنی پەرلەمان بەبێ كۆبوونەوە تێپەڕی، ئەو ململانێ سیاسیانەشی هاتنە پەرلەمان، ئاڕاستەی پەرلەمانی وەك دامەزراوەیەكی یاسادانان گۆڕی بۆ مەیدانی ململانێی سیاسی، زیاتر لە 100 پرۆژە یاسا پێشكەش كران، لەوانە نزیكەی 20 دانەیان بوونە یاسا".

 

لە بارەی ئەركەكانی خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان دكتۆر فرسەت سۆفی وتی: "زۆر یاسای گرنگ هەن چاوەڕێی ئەم خولە دەكەن، لەوانە یاسای سەرۆکاییەتی هەرێم، یاسای چاکسازی و گرنگترین هەنگاویش نوسینەوەی دەستورە".

 

بە بەراورد بە خولی سێی پەرلەمانی کوردستان، کە ژمارەی یاساکانی ئەو خولە 73 یاسابوو، دەرچونی یاسا لە خولی چوارەمدا بە ڕێژەی 67٪ کەمی کردووە، کە تەنها 23 یاسای دەرکردووە. 

لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2015ەوە بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان پەرلەمانی کوردستان داخرا و بۆ ماوەی زیاد لە دوو ساڵ هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجام نەدا.