ناس کورد-
حکومەتى یۆنان ئاشکرای کرد، پلانی درێژکردنەوەى دیوارە سنورییەکەى لەگەڵ تورکیا قۆناغی ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە و بەمزوانە دەست بە کارکردن دەکەن، ئەوەش لەپێناو ڕێگری لە شەپۆلی کۆچبەران لە باکوری ئەو وڵاتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ستیلیۆس پێتاساس، وتەبێژی حکومەتى یۆنان بە ئاژانسی ئاسۆشییەتد پرێسی وت، "26 کیلۆمەتری تر بۆ ئەو دیوارە 10 کیلۆمەترییە زیاد دەکرێت کە لە سنورەکانی باکورەوە لەگەڵ تورکیا دروستکراوە، بودجەى پڕۆژەکە 74 ملیۆن دۆلارە و وا بڕیارە مانگی نیسانی داهاتوو تەواو بکرێت.
دروستکردنی دیوارەکە یەکێکە لە ڕێکارەکانی حکومەتى یۆنان بۆ ڕێگریکردن لە دەربازبوونی کۆچبەران، بە تایبەت کە لە ئازاری ئەمساڵدا جارێکی تر تورکیا دەرگای بە ڕووی کۆچبەراندا کردەوە بۆ ئەوەى خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا.
چوار گەورە کۆمپانیای یۆنانی دەستنیشان کراون بۆ دروستکردنی دیوارەکە کە بە بۆری ئاسنین و تەلی دڕکاوی بە کۆنکرێت دانراو دروست دەکرێت لە نزیک ڕووباری ئیڤرۆس لە نێوان هەردوو وڵاتی تورکیا و یۆنان.
شەممەى ڕابردوو کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان سەردانی سنورەکانی باکوری کرد بە مەبەستی ئاگابوون لەدواین کار و ئامادەکارییەکان بۆ دروستکردنی دیوارەکە.