ناس کورد-
بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەی باڵای چاکسازی دوو دەرماڵەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە لەبەردەم مەترسی بڕیندان، جگە لە چەند دەرماڵەیەکی دیکەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی دیکە، هەر لەوبارەیەشەوە ئەمڕۆ لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەگەڵ وەزیری دارایی گفتوگۆیان کردووە و وەزیر وتویەتی: "ڕێکی دەخەینەوە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە لاپەڕە 98ی ڕاپۆرتی لیژنەی باڵای چاکسازی کە وێنەیەکی دەست ناس کورد کەوتوو و تایبەتە بە دەرماڵەکان، چەند تێبنییەک نوسراون لەوبارەیەوە و دوو خاڵیان تایبەتن بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە.
وەک لە خاڵی نۆیەمدا هاتووە، دەرماڵەی تایبەت بۆ سەرجەم خاوەن بڕوانامەی (ماستەر و دکتۆرا) خەرج دەکرێت کە لە هەمانکاتدا ئەمانیش وەک هەر فەرمانبەرێکی دیکە لە دەرماڵەی بڕوانامە سودمەندن، بەوەش بۆ جاری دووەم سود لە دەرماڵەی بڕوانامە وەردەگرن.
هاوکات لە خاڵی دەیەمدا هاتووە: " دەرمالەی نازناوی زانستی پێویستە تەنها لە وەزارەتی خوێندنی باڵا خەرج بکرێت بۆ ئەو فەرمانبەرانی بە فعلی کاری وانەوتنەوە دەکەن و لە وەزارەتەکانی دیکە خەرج نەکرێت."
لەوبارەیەوە شەمۆڵ عەشرین، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بەڵێ مەترسی لەسەر دەرماڵەی بەشێک لە فەرمانبەران هەیە و لەوبارەیەوە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیری دارایی بە کورتی باسمان کرد."
وتیشی، وەزیری دارایی وتویەتی: "ڕێکی دەخەینەوە"، بەڵام نازانن چۆنی ڕێکدەخەنەوە و ئەو خاڵانەشی کە نوسراون مەرج نییە سەرجەمیان جێبەجێبکرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد: "تاوەکو ئێستا هیچ دەرماڵەیەک نەبڕدراوە، بۆیە ناتوانین پێش ڕووداوەکان بکەوین، بەڵام گەر هەنگاوێکی لەوجۆرە بنرێت بۆ بڕینی دەرماڵەی ئەو کەسانەی کە بە یاسایی پێیاندراوە، بە دڵنیایی هەڵوێستمان دەبێت و دژی دەوەستینەوە."