ناس کورد-
دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سنوری ناحیەی بازیان شێرێک لەلایەن هاووڵاتیانەوە بینرابوو، ئەمڕۆ جارێکی تر شێرەکە لە نزیک تەیناڵ دەرکەوتەوە، بەڕێوەبەری ناحیەی بازیانیش دەڵێت، بەشوێنیدا دەگەڕێن و نازانن لە کوێوە هاتووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئیسماعیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان (سێشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2020) بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "شێرەکە سەرەتا چەند ڕۆژێک پێشی ئێستا لە سنوری گوندێکی ناحیەکەمان بینرابوو، لەڕێگەی چەند تیمێکی تایبەتەوە بە شوێنیدا گەڕاین، هەرچەندە شێرەکەمان نەدۆزییەوە، بەڵام شوێن پێی هەڵگیراوەتەوە و بابەتەکە بووەتە ڕاستی."
وتیشی، ئەمڕۆ جارێکیتر لە نزیک تەیناڵ لەلایەن چەند ئافرەتێکەوە شێرەکە دەنگی شێرەکە بیستراوە و ترسێکی زۆری دروستکردووە.
ڕوونیشیکردەوە، لەڕێگەی چەندین تیمەوە بە شوێنیدا دەگڕێن و فڕۆکەی وەزارەتی ناوخۆش هاوکاریان دەکات.
بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان باسی لەوەشكرد، نازانن شێرەکە لەکوێوە هاتووە، بەڵام دڵنیان لەوەی کە شێر لەو ناوچەیە ناژی و بەدڵنیاییەوە لەشوێنێکی دیکەوە چووەتە ئەوێ.