ناس کورد-
بەرزان محەمەد جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى بەجێهێشت، بەهۆى بانگهێشتکردنى بەرپرسانى ئیداریی شارەکە لەبارەى سوتانى سنەوبەرەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەرزان محەمەد بە ناس کوردى راگەیاند (20ی تشرینی یەکەمی 2020) "هۆکارى بەجێهێشتنى دانیشتنەکە ئەوەیە کە لەسەر مەسەلەى داربڕین و سوتانى سنەوبەرەکان قسە کراوە، لەکاتێکدا ئەنجومەن پێشتر لیژنەى پێکهێناوە لەو بارەیەوە و حکومەتى خۆجێیش سەرقاڵى سەوزکردنەوەى شوێنەکەیە، ئیتر بۆچى بەپرسان بانگدەکەن و ئەوە پێویستى بە رونکردنەوە نییە".
وتیشى "ئەو دارانە هەیانە دوو ساڵ لەمەوبەر بڕدراونەتەوە یاخود وشککراون، سوتانەکەش لەمانگى حوزەیراندا بووە و ئەنجومەن لەمانگى ئەیلولدا قسەى لەسەر کردووە".
بەوتەى بەرزان محەمەد "حکومەتى خۆجێی بە تەکنیکێکى زۆر باش گۆیژە سەوز دەکەنەوە و هیچ پێویستى نەدەکرد ئەو بەرپرسانە بانگبکرێن، کۆبوونەوەکەى ئێستا هەر قسەى دوبارەیە، بۆیە بە پێویستم نەزانی بەشداربم".
لەکۆبوونەوەکەى ئەنجومەندا کە دەنگ لەسەر سێ بەڕێوەبەرى گشتى درا، هەریەکە لە پارێزگار و سەرۆکى شارەوانى و بەڕێوەبەرى دارستان و پاوان بانگکراون بۆ تاوتوێکردنى پرسی سوتان و بڕینەوەى دارستان و سنەوبەرەکان.