گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوا زانیاری لەسەر سێ تۆمەتباری هێرشە موشەكییەكەی هەولێر

2020.10.19 - 21:57
App store icon Play store icon Play store icon
دوا زانیاری لەسەر سێ تۆمەتباری هێرشە موشەكییەكەی هەولێر

ناس کورد-

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی رۆژنامەیەكی نزیك لە قەتەر كە لە لەندەن بڵاودەكرێتەوە، سیان لە تۆمەتبارانی پشت هێرشە موشەكییەكەی هەولێر خۆیان شوێن بزر كردووە و هێشتا لێكۆڵینەوەیان لێ نەكراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

رۆژنامەی "العربی الجدید" لە ژمارەی ئەمڕۆیدا (19 تشرینی یەكەمی 2020) كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە، بڵاویكردووەتەوە یەكێك لەو تۆمەتبارانە وەعد قەدۆی برای پەرلەمانتاری شەبەك لە هاوپەیمانیی فەتح حەنین قەدۆیە كە سەرباری دەرچوونی فەرمانی لادانی هێشتا هەر كۆنتڕۆڵی لیوای 30 حەشدی شەبەكی شیعەی بەدەستەوەیە. 

 

سەرچاوەكانی رۆژنامە عەرەبییەکە باس لەوەدەكەن، سەرجەم تۆمەتبارە سەرەكییەكان تا ئێستا لەدەرەوەی بازنەی لێپێچینەوەن بەهۆی خۆ شاردنەوەیان، هەندێ زانیاریش ئاماژە بەوە دەكەن چووبنە ناو خاكی سوریاوە تا دۆخەكە هێور دەبێتەوە و گوشارەكان نامێنن.

 

شەوی 30ی ئەیلولی 2020، شەش موشەك لە نزيك فڕۆكەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر كەوتنەخوارەوە كە سيانيان لە نزیک بنکەیەکی سەربازیی هێزەكانى هاوپەيمانان کەوتنەخوارەوە، هێرشەكە هيچ زيانێكى گيانى بەدواوە نەبووە و ئەو ڕووداوەش چەندين كاردانەوەى جياوازى لێكەوتەوە.  

 

بەگوێرەى راگەیەنراوە ئەمنییەكانی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی ئەو  ناوچەیەی موشەكەكانی لێوە ئاراستەكرا بۆ هەولێر سنوری چالاكی لیوای 30ى حەشدی شەعبییە كە بەر لەچەند رۆژێك لە هێرشەکە فەرماندەكەی كە وەعد قەدۆیە لە پۆستەكەی دوورخرایەوە.    

  

بەگوێرەى بەدواداچوونەكانی ناس كورد، لیوای 30ى حەشدی شەعبی زۆرینەی شیعەی شەبەكن و تۆمەتبارن بەدەستێوەردان لەچالاكی و جموجوڵی بازرگانی و ئابووری لە سنووری دەشتی نەینەوا لە رێگەی دانانی خاڵی گومرگیی قاچاغ و  وەرگرتنی "سەرانە" لە بارهەڵگرەكان، بەڵام دەستەی حەشدی شەعبی سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە ڕەت دەكاتەوە.    

  

وەعد قەدۆ برای پەرلەمانتاری شەبەكی حەنین قەدۆیە كە دوو خولە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانە و بە نەیارێكی سیاسی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نەینەوا، ناسراوە.    

  

وەعد قەدۆ پێشتر لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو، ئەو ناوچەیەی کە حکومەتی هەرێم دەڵێت موشەکەکانی لێ ئاڕاستەکراوە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای عێراق و حەشدی شەعبیدایە.      

  

ئەوەشی خستبووەڕوو، ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بە هێرشەکەوە نییە و "لایەنێکی دیاریکراو ناوی لیوای 30 دەهێنێت بۆ ئەوەی پەیامێک بە ئەمریکا و حکومەتی بەغدا بگەیەنێت".      

  

لەسەردەمی عەبدولمەهدیدا فەرمانێك دەرچوو بۆ هەڵگرتنی زاڵگە و خاڵەكانی پشكنینی ئەو لیوایە، بەڵام لەمانگی ئابی ساڵی رابردوو چەكدارەكانی لیواكە جادەی موسڵیان بڕی و ئاگریان لەسەر رێگاكان كردەوە و ساتری خۆڵیان دروست كرد وەك ناڕەزاییەك لەبڕیارەكە بەدیارچاوی سوپای عێراقەوە كە پێی نەكرا هیچ رێگرییەكیان لێ بكات بەقسەی ئاژانسی رۆیتەرز.