گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دواین زانیارییەکان

قادری حاجی عەلی قۆناغى بەنجى بێهۆشکەر دەبڕێت

2020.10.19 - 21:05
قادری حاجی عەلی قۆناغى بەنجى بێهۆشکەر دەبڕێت

ناس کورد-

سەرچاوەیەکى ئاگادار لە تەندروستیی قادرى حاجى عەلى ڕایدەگەیەنێت، بارودۆخى تەندروستى ناوبراو خەریکە دەچێتە قۆناغێکى باشترەوە بەجۆرێک پێویستى بە بەنجى بێهۆشکەر نەمێنێت و وەڵامدانەوەى بۆ چارەسەرەکان هەبووە.

 


سەرچاوەکە بە ناس کوردى ڕاگەیاند (19ى تشرینى یەکەمى 2020) "بەهۆى گۆڕانکارى لەبارودۆخى تەندروستیەوە ئەمڕۆ هەناسەدانى دەستکرد لەسەر قادرى حاجى عەلى لابراوە و پێدەچێت لە 24 کاتژمێرى داهاتووشدا گۆڕانکارى باشتر ڕووبدەن".

 


وتیشى، "لەئێستادا پزیشکەکان پێیانوایە بەنجى گشتى لەسەر کەم بکرێتەوە کە بەو هۆیەوە بەڕادەیەک بێهۆشە و پێدەچێت لە سبەینێیوە ئەو بەنجەى لەسەر کەم بکەنەوە کە بۆ ڕوونەدانى گۆڕانکارى خراپ لەلاشەیدا بەهۆى ڤایرۆسەکەوە بۆی کراوە".

 


سەرچاوەکە باسى لەوەش یەکێکى تر لە گۆڕانکارییە ئەرێنیەکان لە تەندروستى ناوبراودا ئەوەیە وەڵامدانەوەى بۆ چارەسەرەکان هەبووە و ڕێژەى هەوکردن لە سییەکانیدا کەم بووەتەوە و ئاستى ئۆکسجینەکەشى لەڕادەى ئاساییدایە.

 


لەچەند رۆژى رابردوودا چەند سەرچاوەیەکى ئاگادار بە "ناس کورد" یان ڕاگەیاندبوو، سەربارى تێپەڕاندنى قۆناغى مەترسى و باشبوونى دۆخى تەندروستى قادرى حاجى عەلى کە تووشى پەتاى کۆرۆنا بووە، بەڵام هێشتا لە نەخۆشخانە ھێڵراوەتەوە و ڕەوانەى ماڵەوە نەکراوە.  

  

سەرچاوەکان باسیان لەوەشکردبوو، دواى ئەوەى لەماوەى دوو ڕۆژى ڕابردوودا لە نەخۆشخانەى فاروق لە سلێمانى پلازماى پێویست کرایە جەستەى قادرى حاجى عەلییەوە، لە ئێستادا تەندروستى بەرەو باشتر دەڕوات.  

  

بەوتەى سەرچاوە ئاگادارەکان، پزیشکیکى پسپۆڕى سییەکان و هەناوى چاودێرییەکى وردى دۆخى تەندروستى قادرى حاجى عەلى دەکات و ژوورێکى تایبەتى بۆ تەرخانکراوە لە نەخۆشخانەکە و تەنها هاوسەرەکەى لەگەڵیدا دەمێنیتەوە، ڕێگە نادرێت کەسوکار و هاوڕێیان و هەودارانى سەردانى بکەن، هۆکارى مانەوەى خێزانەکەشى لەگەڵیدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێشتر دووچارى ڤایرۆسەکە بووە و چاکبووەتەوە.  

  

لەبارەى هۆکارى دووچاربوونى قادرى حاجى عەلى بەپەتاکە، سەرچاوەکانى ناس کورد دەڵێن، دوو هۆکار بۆ ئەوە هەیە، یەکەمیان لەماوەکانى ڕابردودا چەند ئەرکێکى کۆمەڵایەتى بەجێهێناوە و دووەمیشیان بەردەوام پێشوازى لەمیوانەکانى کردووە.  

  

یەکێک لەسەرچاوەکانى ناس کورد جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، هەرچەندە لەژێر چاودێرى ورداییە بەڵام  قۆناغى مەترسى تێپەڕاندووە و سودى لە پلازمەکە وەرگرتووە.  

  

لەبارەى بڕیارى جێهێشتنى نەخۆشخانەوە، سەرچاوەکانى ناس کورد ئەوەیان خستەڕوو، هێشتا پزیشکەکان هیچ قسەیەکیان لەبارەى کاتى دەرکردنى لە نەخۆشخانەوە نەکردووە بەڵام ئەوەیان وتووە کە تەندروستى بەرەو باشتر دەڕوات و هێشتا لەژێر چاودێریدایە.  

  

بەپێى بەدواداچوونەکانى ناس کورد، پێشتر قادرى حاجى عەلى هیچ نەخۆشیەکى درێژخایەنى لەشێوەى شەکرە و بەرزبوونەوەى فشارى خوێن و نەخۆشی سییەکان و دڵ و گورچیلەکانى لەگەڵدا نەبووە.  

  

قادرى حاجى عەلى لە شەستەکانى تەمەنیدایە و دەنگۆى نەخۆش کەوتنیشى کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە.