گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ژمارەی کرێنشینان لە هەڵکشاندایە

’’هەرێم: حاڵەتی گورچیلە فرۆشتن بۆ دابینکردنی کرێی خانوو سەرهەڵدەدات’’

2020.10.19 - 14:48
App store icon Play store icon Play store icon
’’هەرێم: حاڵەتی گورچیلە فرۆشتن بۆ دابینکردنی کرێی خانوو سەرهەڵدەدات’’

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی  کوردستان ڕایگەیاند، ژمارەی کرێنشینان لە هەرێم لە هەڵکشاندایە و زۆرترین کرێنشینیش لە سلێمانییە، دەشڵێت، سەختی باری دارایی کرێنشیانان وایکردووە، حاڵەتی فرۆشتنی گورچیلە لەنێو بەشێکیان سەرهەڵبدات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەرهەم قەرەداغی، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشیانی کوردستان (دووشەممە 19ی تشرینی یەکەمی 2020) لە لێدوانێکدا بەناس کوردی ڕاگەیاند: " نزیکەی 90 هەزار کرێنشین لە لقەکانی کۆمەڵەکەمان لەشارەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، داتاکانمان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەئێستادا زیاتر لە 200 هەزار کرێنشین لەهەرێمی کوردستاندا هەن، کە بەشێکی زۆریان لای ئێمە خۆیان تۆمارنەکردووە".

 

وتیشی: " لە ئێستادا دیاردەی فرۆشتنی گورچیلە بەمەبەستی دابینکردنی کرێی خانوو لەلایەن بەشێک لە کرێنشینانەوە سەریهەڵداوە و چەند کرێنشینێکیش بەهۆی نەبوونی توانای دابینکردنی کرێ خانوو پەنایانە بۆخۆ کوشتن بردووە".

 

سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد: " بەهۆی ئەو دۆخە ئابوورییەی کە لە ئێستادا کوردستانی پێیدا تێپەڕدەبێت، ژمارەی کرێنشینان زیادی کردووە، پشکی شێر لەکۆی گشتی ژمارەی کرێنشینانی هەرێم لەپارێزگای سلێمانیە بەجۆرێک ڕێژەکە لە 50%ی تێپەڕکردووە".

 

بەوتەی قەرەداغی،  لەسەرەتای ئەمساڵدا و بە هاوکاری وەبەرهێنەرێک پڕۆژەیەکی نیشتەجیبوون بۆ کرێنشینان پێشکەش بەئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنانیان کردووە، بەڵام ئەوان تائێستا وەڵامیان نەداونەتەوە و بەبیانووی پڕوپوچ تەگەرەیان بۆ پرۆژەکە دروستکردووە".

 

سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو: "بڕیارە ئەو پڕۆژەیەی کە پێشکەش بەحکومەتمان کردووە لەشاری سلێمانی دروستبکرێت، پڕۆژەکە   لە هەزاریەکەی نیشتەجێبوون پێکهاتووە،بەجۆرێک وەبەرهێنەرەکە بەڵێنی ئەوەی داوە  هەریەکەیەکی نیشتەجێبوون  بە 25 هەزار دۆلار بۆ کرێنشینان فەراهەم بکات بە وەرگرتنی پێشەکی و بەقستی مانگانەی 100 دۆلار".

 

بەرهەم قەرەداغی باسی لەوەشکرد، حکومەت تەنها ئامادەیی ئەوەشی تێدا نییە باجی خانووبەرە لەم دۆخەدا لەسەرخاوەن موڵکەکان کەمبکاتەوە بۆ ئەوەی ئەوان بتوانن کرێی خانووەکان کەمبکەنەوە.