ناس کورد-
وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، چارەسەرەکردنی قەیرانی دارایی پێویستی بەچاکسازی ڕاستەقینە هەیە، ئاماژەی بەوشکرد، وەرقەی سپیی چاکسازییەکان لە ئایندەدا ئابوریی عێراقی پتەو دەکات و دەبێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق (دووشەممە 19ی تشرینی یەکەمی 2020) لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست ناس کورد کەوتووە ڕایگەیاند: "ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگییە ئابووریەکان کارێکی ئاسان نییە، ئەم قەیرانەی کە ئێستا وڵات پێیدا گوزە دەکات مێژوویەکی درێژی هەیە، پێویستی بە پلانی درێژخایان و چاکسازی ڕاستەقینە هەیە."
ئاماژەی بەوەشكردووە: "ئەو وەرەقە چاکسازییەی کە حکومەتی عێراق ئامادەیکردووە ئامانج لێی گێڕانەوەی هاوسەنگییە بۆ ئابوریی عێراق و خستنەسەر سکەی خۆیەتی، بۆ ئەوەی لە ئایندەدا هەنگاوی گونجاو بنێت بۆ گەشەپێدانی ئابورییەکەی، کە دەرفەت بۆ هاووڵاتیانی بڕەخسێنێت بە خۆشگوزەرانی بژین".
وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە لەم قۆناغدا هەماهەنگی زیاتر لەنێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاساداناندا هەبێت لە پێناو بەرژەوەندی وڵات و هاووڵاتیاندا.
عەلاوی نەیشاردووەتەوە: " خراپ بەڕێوەبردن و پشتبەستن بەداهاتی نەوت وایکردووە عێراق ئەم چارەنووسەی هەبێت، لە ئێستادا هەوڵی فراوانکردنی سەرچاوەکانی دیکەی داهات دەدەین وەک کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزار و وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەکاندا".