ناس کورد-
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاند، بە ئەلكترۆنيكردنى خوێندن بەشێكە لە پرۆسەى نەخوێنەواركردنى كۆمەڵگە و داواش لە مامۆستايان دەکات دواى وەرگرتنى موچە درێژە بە بايكۆت بدەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی (18ى تشرينى يەكەمى 2020) ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کرد "دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕۆژ دوای ڕۆژ ستەمکاری زیاتر لە موچەخۆران و هاووڵاتیان دەکەن، لە نوێترینياندا بڕیاریان داوە موچەی پێنج مانگ بێسەروشوێن بکەن و دوای دوو مانگ موچەیەک بە لێدزینەوە دابەش بکەن".
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، سەرچاوەی ئەم بێباکی و ستەمکارییەی دەسەڵاتدارانی کورد دەگەڕێتەوە بۆ بێدەنگی و بێهەڵوێستی موچەخۆران و هاووڵاتیان و چۆڵبونی شەقام لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان.
ئەنجومەنەكە داواش دەكات، مامۆستايان دواى وەرگرتنى موچە درێژە بە بايكۆت بدەن و پێشيان وايە، ئەرکی هەموو لايەكە هاوکاری مامۆستایان بن بۆ ڕێگری له ستەمکارییەکانی دەسەڵات، چونکە پێش هەموو کەسێک خۆیان و منداڵەکانیان باجەكەى دەدەن.
جەختیش كراوەتەوە، بە ئەلکترۆنيکردنی خوێندن بەشێکە لە پڕۆسەی نەخوێندەوارکردنەوەی کۆمەڵگە و بێنرخکردنی خوێندن و بڕوانامە و خزمەتکردنە بە خوێندنگە ئەهلی و تایبەتییەکان، پێویستە دایکان و باوکان و تەواوی کۆمەڵگە بەرامبەر ئەو بڕیارە نەشیاوە ناڕەزایەتی و هەڵوێست دەربڕن، پشتيوانى ئەو لق و يەكێتيانەى مامۆستايانيش دەكەن كە بڕيارى بايكۆتيان داوە.
لەكۆتايى ڕاگەيەنراوەكەدا جەختلەوە كراوەتەوە، حکومەتێک بە دوو مانگ موچەیەکی پێنەدرێ، شایستەی حکومڕانی نییە و پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە، لە زوترین کاتيشدا ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوان سازدەکەن.