ناس كورد-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی جارێكی دیكە هۆشداری لەبەرزبوونەوەی ئامارەكانی توشبووان و گیانلەدەستدان بەكۆرۆنا دەدات و ڕایگەیاند "هیوادارین پێش ڕودانی كارەساتی نەخوازراو، بە هەموو لایەك هەوڵ بدەین ئەم دۆخە بەرەو باشتر بەرین، كە ئەویش تەنیا بە خۆپارێزی دەبێت، وەك چۆن لە ڕابردوو كردمان".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د.یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی (18ی تشرینی یەكەمی 2020) بە ناس كوردی راگەیاند "ئەمڕۆ لەنەخۆشخانەكانی كۆرۆنا 10 تووشبووی دیكە گیانیان لەدەستداوە كە ئەوەش مانای وایە 10 خێزان، 10 گەڕەك ئازاری جەرگبڕی كۆرۆنای چەشت، ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیە بڕوات ئەوا لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو، راست نابێ بڵێن هەموو گەڕەكێك یان هەموو بنەماڵەیەك ئازاری كۆرۆنای چەشت".
نەقشبەندی هۆشداری زیاتری دا و وتی "ئامارەكان مەترسیدارن، نەخۆشخانەكان پڕن، پابەندبوون بە ڕێنماییەكان وەك پێویست نین، هیوادارم پێش ڕودانی كارەساتی نەخوازراو، بە هەموو لایەك هەوڵ بدەین ئەم دۆخە بەرەو باشتر بەرین، كە ئەویش تەنیا بە خۆپارێزی دەبێت، وەك چۆن لە ڕابردوو كردمان".