ناس کورد-
یەکێتی جوتیارانی عێراق ڕایگەیاند، پێشبینی دەکەن ڕێژەی بارانبارین لە وەرزی بارانی ئەمساڵدا لەچاو ساڵانی ڕابردوودا کەمتر بێت کە ئەوەش وادەکات کاریگەری نەرێنی هەبێت بۆ سەر ئەو پلانە کشتوکاڵییەی کە لەلایەن حکومەتەوە دانراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حەیدەرعەسا، سەرۆکی یەکێتی جوتیارانی عێراق (18ی تشرینی یەکەمی 2020) لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست ناس کورد کەوتووە ڕایگەیاند: "ئەمساڵ پێشبینی دەکەین باران کەم ببارێت، بۆیە داوا لە حکومەت دەکەین فشار بخاتە سەر تورکیا بۆ ئەوەی بەشە ئاوی تەواوی عێراق لە ڕووباری دیجلە بەربداتەوە و پڕکردنەوەی بەنداوی ئەلیسۆ دوابخات".
ئاماژەی بەوەکردووە، "90 هەزار مەتر سێجا ئاو لە تورکیاوە دێت و 20 هەزار مەتر سێجاش لە ڕووبارە ناوخۆییەکانەوەیە دەڕێژێت ناو ڕووبارەکان کە ئەوەش بەشی ئەوە ناکات بە تەواوەتی بەنداوی موسل پڕبێتەوە بە تایبەتی دوای ئەوەی ئێران هەموو سەرچاوە ئاوییەکانی بەڕووی عێراقدا داخستووە".
هاوکات قەیس بەیاتی، شارەزای بواری سەرچاوە ئاوییەکان لەو بارەیەوە دەڵێت: "لە دوای ساڵی 2003ەوە پشکی عێراق لە بەردانەوەی ئاو بۆ هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات زۆر کەمی کردووە، بە جۆرێک بەشێویەکی نەرێنی کاریگەری کردووەتە سەر پلانەکانی حکومەتی عێراقی بۆ پەرپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە وڵاتدا".
ئاماژە بەوەشکردووە: "لە ساڵی 1969 داهاتی ئاویی عێراق لە ڕووباری دیجلە زیاتر لە 90 ملیار مەتر سێجیا بووە ،بەڵام لە ئێستادا ئەو ڕێژەیە لە 40 ملیارمەتر سێجا کەمترە".