ناس کورد-
ڕێبەری ڕەوتی سەدر لەعێراق، سەرکۆنەی بەکارهێنانی تووندوتیژی دەکات لەبری گفتوگۆ و دانوستان و هۆشداریشدا لەهەرەسهێنانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، دەشڵێت: " بەداخم بۆ عێراق گورگ و دڕندە و ئەسپێ و کولە زاڵ بوون تێیدا".
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە عێراق ( 17ی تشرینی یەکەمی 2020) لە توێتێکدا لەهەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر وتی: " نابیت توندوتیژی ببێت بە جێگرەوەی گفتوگۆکردن".
پرسیاری کردووە: " تا کەی تووندتیژی خۆی دەسەپێنێت بەسەر عێراقدا؟"، ڕووداوەکانی ئەم دوایەشی بە "ڕەفتاری تیرۆریزم و داگیرکەر" ناوبردووە.
ڕێبەری ڕەوتی سەدر ئاماژەی بەوەشکردووە: "سیاسییەکان، حیزبەکان، گەل، ئەوانەی داوای چاکسازی دەکەن هەموویان دژ بە یەک دەجەنگن، ئێوە هەوڵەکانی پتەوکردنی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ ئیسرائیل وەلاناوە و دژبەیەک شەڕدەکەن، ئیوە لەخوا ناترسن ڕێز لە عێراق ناگرن، بەڵا و نەخۆشی و دوژمن لە هەمووڵایەکەوە دەوری داوین".
سەدر لە تویتەکەیدا دەشڵیت: " بەداخم بۆ عێراق گورگ و دڕندەو ئەسپێ و کولە زاڵ بوون تێیدا".
هاوکات وەک تەنز و سوکایەتی، " گەندەڵکاران، داگیرکەر، نۆکەرەکان و خوێن مژی عێراقییەکان"ی بە (جۆکەرەکان) ناوبرد.
لەکۆتایی تویتەکەیدا ڕێبەری ڕەوتی سەدر دەڵێت: " زۆر بە ئەسەفم بۆعێراق و دڵنەوایی خۆم پێشکەش بۆ خۆشەویستانی نیشتیمان دەکەم".