ناس کورد-
هاوپەیمانێتی نەسری سەر بەحەیدەرعەبادی، سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لەشاری بەغدا دەکات و داواشی لەهەموو لایەنە سیاسییەکان کرد بە پەرۆش بن بۆ پارێزگاریکردن لەیەکریزی نیشتمانی، دەشڵێت، پێشمەرگە و حەشدی شەعبی شان بەشانی یەکتر دژی داعش جەنگاون.
هاوپەیمانێتی نەسر کە حەیدرە عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق سەرۆکایەتی دەکات لەڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست ناس کورد کەوتووە ( 17ی تشرینی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند: "هەموو جۆرە هێرشێک بۆسەر موڵکی گشتی و بارەگا و ناوەندە حیزبییەکان لەشاری بەغدا ڕەتیدەکەینەوە".
ئاماژەی بەوەشكردووە: "سیاسیەتی سوتاندنی ئاڵا و پەرەپێدان بە گرژییەکان دەبێتە مایەی لاوازکردنی یەکریزی نیشتیمانی، بۆیە ئەوجۆرە کارانە ڕەتدەکەینەوە".
هاوپەیمانی نەسر داواشی کردووە، حکومەت ئەرکی خۆی ببینێت لە پاراستنی بارەگا و ناوەند حیزبیەکان و دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت لە بەرقەرارکردنی ئەمن و ئاسایش لە هەموو شوێنێکی وڵاتدا."
هاوپەیمانێتییەکەی حەیدەر عەبادی باسی لەوەشکردووە: "پێشمەرگە و حەشدی شەعبی شان بە شانی یەکتر دژ بە ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش جەنگاون، دانایی نییە ئەو پەیوەندییە نیشتیمانییە درزی تێبکەوێت لە پێناو ژمارەیەک ئەجێندای سیاسی و هەڵبژاردندا".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاوپەیمانێتی نەسر جەختیکردووەتەوە، دەبێت هەموولایەنە سیاسییەکان بەوپەڕی ئاگاداری و بەرپرسیارێتیەوە وتار و لێدوان بدەن، بۆ ئەوەی نەبێت بەهۆکاری درووستبوونی ئاڵۆزی و تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، بەتایبەتی لەم دۆخە نالەبارەی کە لە ێستاداعێراقی پێدا گوزەر دەکات.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لایەنگرانی حەشدی شەعبی بەربەستی ئەمنییان تێپەڕاند و چوونە ناو بارەگای لقی پارتی لە بەغدا و بارەگاکەیان سوتاند و ئەوەش کاردانەوەی گەورەی لەناوخۆی عێراقدا لێکەوتەوە و زۆرینەی لایەنە سیاسییە کوردییەکان هەڵوێستی خۆیان لەوبارەیەوە ڕاگەیاند.