گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆچی بڕی لێدانی زەکات بۆ ئەمساڵ لە هەرێم کەمکراوەتەوە؟

2019.05.05 - 12:11
بۆچی بڕی لێدانی زەکات بۆ ئەمساڵ لە هەرێم کەمکراوەتەوە؟
ناس کورد- ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان بڕی زەکات و سەرفیترەی بۆ ئەمساڵ دیاریکرد بە شێوەیەک هەر کەسێک بڕی دوو ملیۆن و 500 هەزار دیناری هەبێت و ساڵی بەسەردا تێپەڕبووبێت ئەوا لە هەر ملیۆن دینارێک 25 هەزار دیناری زەکاتی دەکەوێت. ئەوە لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو بڕی ئەو پارەیەی زەکاتی لێدەکەوت بە چوار ملیۆن و 800 هەزار دینار خەمڵێنرا، بەڵام ئەمساڵ بڕەکەى بۆ نیوە کەمکراوەتەوە. ئەحمەد شافعی ئەندامی لیژنەی باڵای فەتوای هەرێم بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، "بە دوو شێواز دەتواندرێت بڕی زەکات دیاری بکرێت، یەکەمیان بە ئاڵتون کە لە 20 مسقاڵ ئاڵتون کە نرخەکەی  دەگاتە نزیەکەی چوار ملیۆن و 800 هەزار دینار ئەوکات زەکاتی لێدەکەوێت کە لە ڕابردوودا بەوشێوەیە بوو، یاخود بڕە پارەکە بە زیو دیاری بکرێت، کە لە دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار زەکات دەکەوێت". ئەحمەد شافعی ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەمساڵ بە شێوازی دووەم بڕەکەیان دیاریکردووە، ئەوەش بۆ بەرژەوەندی هەژارانە کە لە بڕێکی کەمتر لە پارە زەکات دەکەوێت. . سەبارەت بە سەرفیترەش ئەنجومەنی باڵای فەتوا ڕوونیکردووەتەوە، بڕی دوو هەزار و 500 دینار دیاریکراوە و ئەگەر کەسێکیش باری دارایی باش بێت دەتوانێت زیاتر ببەخشێت. هاوکات سەبارەت بە فیدیەش، ئەوە خراوەتەڕوو، هەرکەسێک بەهەر هۆکارێکی شەرعی نەتوانێت بەڕۆژوو بێت ئەوا دەبێت بۆهەر ڕؤژێک دوو هەزار و 500 دینار بدات. هەروەها سەبارەت بەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین، ئەوە ڕوونکراوەتەوە، دەتوانن بەپێی ئەو بڕەی لەو وڵاتی لێی دەژی دیاریکراوە سەرفترە بدات، ئەگەریش دیاری نەکرابوو هەر ڕۆژێک چوار هەزار کەمتر نەبێت ببەخشێت.