گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

لە هەرێمی كوردستان لە هەر چوار سەد كەسێك یەكێكیان ڕۆژنامەنووسە [تایبەت]

2019.05.04 - 23:27
App store icon Play store icon Play store icon
لە هەرێمی كوردستان لە هەر چوار سەد كەسێك یەكێكیان ڕۆژنامەنووسە [تایبەت]

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- شەهرام عەزیز و فوئاد عەبدوڵا . بەگوێرەی داتاكانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە كۆی زیاتر لە پێنج ملیۆن هاوڵاتی، نزیكەی 12 هەزار كەس رۆژنامەنووسە و لەو سەندیكایە ناویان تۆماركراوە ئەمە لە كاتێكدا لە عێراق كە دانیشتوانەكەی بە 40 ملیۆن كەس مەزەندە كراوە تەنها 16 هەزار رۆژنامەنووس هەیە كە بەشێكی زۆریان كۆچی دواییان كردووە یان وازیان لە كاری رۆژنامەنووسی هێناوە. . ئەنوەر حسێن، جێگری نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند "لە ئێستادا نزیكەی حەوت هەزار كەس ئەندامن لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان و نزیكەی سێ هەزار كەسیان ئەندامی كاران، بەڵام زۆرێكیش هەن كە كاری ڕۆژنامەنووسی دەكەن و ئەندام نین لە سەندیكا، بەگشتی بە نزیكەیی 12 هەزار كەس لە هەرێم كاری ڕۆژنامەنووسی دەكەن". . جێگری نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان نایشارێتەوە كە بوونی ئەو ژمارەیەی رۆژنامەنووس لە كوردستان زۆرە و هۆكارەكەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە زۆر بە ئاسانی زۆر كەس دەتوانێت ببێتە ئەندامی سەندیكا، یاخود كاری ڕۆژنامەنووسی بكات. . وتیشی "لە زۆر وڵاتی دیكەدا كە پارێزگایەكی بەقەد هەرێمی كوردستان دەبێت، هەشت هەزار ڕۆژنامەنووس هەیە، هەرێمێكی وەها نزیكەی 500 ڕۆژنامەنووسی بەسە". . بەپێویستیشیزانی مەرجەكانی بوون بە ئەندام لە سەندیكا و كاری ڕۆژنامەنوسی قورس و توند بكرێت. . بەراورد بە هەرێمی كوردستان لە سەرانسەری عێراقدا ژمارەی رۆژنامەنووسان كەمترە و لە كۆی مزیكەی 40 ملیۆن هاووڵاتی عێراق تەنها 16 هەزار رۆژنامەنووس لە سەندیكای رۆژنامەنووسان تۆمار كراوە بەوانەشی كە كۆچی دواییان كردوە یان وازیان لەكاری ڕۆژنامەنوسی هێناوە. . جەبار ئەلشەمەری جێگری سەرۆكی سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی عێراق بۆ ناس كورد-ی روونكردەوە "بە پێی یاسا نوێكەی سەندیكا چوار هەزار ڕۆژنامەنووسی بە ئەزموون لە سەندیكا تۆمار كراوون، زۆرترینی ئەندامانی تۆماركراو سەر بە پارێزگاكانی نەینەوا و سەڵاحەدین و بەسڕان". . بەوتەی شەمەری، هەر ئەندامێكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی عێراق دەبێت لەیەكێك لە میدیا عێراقییەكان كە تۆمار كراوە لە سەندیكا كار بكات و دوای تاقیكردنەوەیەكی تایبەت لە لایەن سەندیكاوە، ئەگەر سەركەوتوبوو پلەی ئەندامێتی پێدەدرێت و نابێت فەرمانبەری كەرتی گشتی بێت، بە تایبەت كارمەندی دەزگا ئەمنییەكان. . بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی ناس كورد، لە %0,24ی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان رۆژنامەنووسە بەواتای ئەوەی لە هەر چوار سەد كەسێك لە هەرێمی كوردستان یەكێكیان رۆژنامەنووسە. . ئەمە لە كاتێكدا لە %0,04ی دانیشتوانی عێراق رۆژنامەنووسن و بەواتای ئەوەی لە هەر دوو هەزار و پێنجسەد كەسێك لە عێراق یەكێكیان رۆژنامەنووسە. . نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ژمارەی رۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان بە زۆر دەزانێت و ئاماژە بەوە دەكات كە لەو رێژەیە دەتوانرێت بە 1500 كەسیان بووترێت رۆژنامەنووس. . ئازاد حەمە ئەمین، نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ئاماژەی بەوە كرد، لە ئەمساڵدا كۆنگرەی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان دەبەستن و هەوڵدەدەن مەرجەكانی بوون بە ئەندام لە سەندیكا بگۆڕن و ئەو كەسانەشی لە ئێستادا كار ناكەن یاخود چەند ساڵێكە ئابونەیان نەداوە كە ساڵانە 25 هەزار دینارە لە ئەندامێتی دووریان بخەنەوە. . بەپێی زانیارییەكانی ناس كورد، هەتا ئێستا نزیكەی سێ‌ هەزار رۆژنامەنووسی ئەندام لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان زەوییان پێدراوە و سوودمەندبوون. . بەهەمان شێوەی هەرێمی كوردستان لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی عێراقیش زەوی بۆ رۆژنامەنووسانی ئەندام لە سەندیكاكە دابین دەكرێت. . .