گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی ئەو ڕووداوەی تیایدا فەرمانبەرێکی پەرلەمان هاوسەرەکەی خۆی کوشت

2020.10.15 - 18:47
وردەکاریی ئەو ڕووداوەی تیایدا فەرمانبەرێکی پەرلەمان هاوسەرەکەی خۆی کوشت

ناس كورد-

پاش ئەوەی فەرمانبەرێكی پەرلەمانی كوردستان هەستاوە بەكوشتنی هاوسەرەکەی و لەلێكۆڵینەوەی پۆلیسیشدا دانی بەتاوانەكەیدا ناوە، ناس کوردی زانیویەتی کارمەندەکە ناونیشانی "کارگوزارە" و لیژنەی كاروباری ئافرەتانیش لە پەرلەمان دەڵێت، دوای ئەنجامی دادگا، لیژنەیەك لەوبارەیەوە پێكدەهێنن.

 

ڕووداوەکە شەوی 13ی تشرینی یەكەمی 2020 لەگەڕەكی ڕوناكیی شاری هەولێر روویداوە، ئەو فەرمانبەرەی پەرلەمانی كوردستان بەچەقۆ ژنە 37 ساڵەکەی خۆی كوشتووە کە خاوەنی سێ منداڵن، دواتر خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەكان كردووە و دانی بەتاوانەكەیدا ناوە.

 

هۆگر عەزیز، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر هەواڵەكەی بۆ ناس كورد تەنها ئەوەندەی راگەیاند، لێكۆڵینەوە لەڕووداوەكە بەردەوامە.

 

بەپێی بەدواداچوونەكانی ناس كورد، تائێستا راپۆرتی  پزیشكی داد سەبارەت بەوردەكاری كوشتنی ئەو ژنە بۆ پۆلیسی هەولێر نەگەڕاوەتەوە، بەڵام بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، هۆكاری كوشتنەكە بۆ كێشەی كۆمەڵایەتیی نێوان ژن و پیاوەكە دەگەڕێتەوە، پۆلیسیش سەرقاڵی لێكۆڵینەوەی زیاترە لەڕووداوەكە.

 

هەر بەپێی زانیارییەكانی ناس كورد كە لەسەرچاوەیەكی پەرلەمانی كوردستانەوە دەستی كەوتوون، ئەو پیاوە ناونیشانی (کارگوزارە) و چەند ساڵێكە كارمەندی پەرلەمانە و تا رۆژی رووداوەكەش بەشێوەیەكی ئاسایی هەڵسوكەوتی كردووە.

 

لەلایەكی دیكەوە بەدریە ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت لەپەرلەمانی كوردستان بە ناس كوردی راگەیاند، سەبارەت بەو رووداوە چاوەڕوانی ئەنجامی دادگان و دواتریش خۆیان لیژنەیەكی تایبەت پێكدەهێنن.