ناس کورد-
ئەندامێکى لیژنەى پەیوەندییەکان لە پەرلەمانى عێراق ڕەخنە لەپێشوازى کردن لەوەزیرى دەرەوەى یۆنان دەگرێت و دەشڵێت، ڕێگەدان بەقسەکردنى ئەو وەزیرە لەبەغداوە لەدژى تورکیا، لەبەرژەوەندییان نیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
زافر عانى، ئەندامى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوە لە پەرلەمانى عێراق لەتوێتێکدا (15ى تشرینى یەکەم 2020) ڕایگەیاندووە: " پێشوازى کردن لە وەزیرى دەرەوەى یۆنان لەکاتى بەڕێوەچوونى شەڕى بەوەکالەت لەنێوان تورکیا و ئەو وڵاتەدا، بڕیارێکى باش و دیراسەبۆکراو نیە".
ئاماژەى بەوەشکردووە: " ڕێگە دانیش بە لێدوانەکانى ئەو وەزیرە لەبەغداوە لەدژى تورکیا، هەڵسوکەوتێکە پاساو هەڵناگرێت و لەگەڵ هەڵوێستى عێراقدا لەگەڵ دراوسێکانیدا یەکناگرێتەوە".
عانى دەشڵێت: " هیچ لەبەرژەوەندیمان نیە بچینە باڵ میحوەرێک لەکاتى شەڕدا، تەنها بۆ ڕازیکردنى وڵاتێکى دیاریکراو و دوژمنایەتى کردنى دراوسێیەکى گرنگى وەکو تورکیا ".
وتەکانى ئەو پەرلەمانتارە دواى ئەوە هات، دوێنێ چوارشەممە نیکۆس دەنیاس، وەزیرى دەرەوەى یۆنان بەسەردانێکى فەرمى گەیشتە بەغدا و لەمیانەى کۆبونەوەیەکى لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق ڕایگەیاند، واژۆ کردنى یاداشتى لێتێگەیشتن بەڵگەیەکە لەسەر پێشکەوتنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات و یۆنانیش پشتیوانى سەروەرى خاکى عێراق و جێگربوونى دۆخی دەکات و وڵاتەکەشى ئامادەیە پاڵپشتى عێراق بکات لەیەکێتى ئەوروپا.