گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بە تیرۆر ناساندنی ئیخوان موسلمین چ لێكەوتەیەكی لەسەر پارتە ئیسلامییەكانی كوردستان دەبێت؟

2019.05.04 - 21:27
App store icon Play store icon Play store icon
بە تیرۆر ناساندنی ئیخوان موسلمین چ لێكەوتەیەكی لەسەر پارتە ئیسلامییەكانی كوردستان دەبێت؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

  ناس كورد- شەهرام عەزیز . هەفتەی رابردوو لەپاش كۆبوونەوەیەكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر، كۆشكی سپی ئاشكرایكرد، ترەمپ بەنیازە كۆمەڵەی ئیخوان موسلمین وەك ڕێكخراوێكی تیرۆرستی بیانی بخاتە لیستی تیرۆرەوە، بەشێك لە پارتە ئیسلامییەكانی كوردستانیش جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە بڕیارێكی لەو شێوەیە كاریگەری لەسەر ئەوانیش دەبێت. . بزوتنەوە: بڕیارەکە بۆ دژایەتی ئیسلامە ئەندامێكی سەركردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان لەو بڕوایەدا لەژێر ناوی ئیخواندا دژایەتیكردنی هەموو لایەنە ئیسلامییەكان لەئارادایە و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە بڕیارێكی لەو شێوەیە كاریگەری خۆی لەسەر پارتە ئیسلامییەكان بەجێدەهێڵێت بەتایبەتی لەبواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و دەبێتە هۆی پچڕاندنی پەیوەندی هەندێك وڵات لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەكانی كوردستان. . كامیل مەحمود، ئەندامی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند"لە ئێستادا زۆرینەی وڵاتانی ڕۆژئاوا دژایەتی ئیسلام دەكەن و ئەمریكا پێشڕەویان دەكات، ئەمەی ئێستا دەگوزەرێت دژایەتیكردنی هەموو لایەنە ئیسلامییەكانی دنیایە، بەڵام لە ژێر ناوی ئیخواندا". . یەکگرتوو: لەبڕیارەکە ناترسین یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەگەڵ ئەوەی لەسەرەتای دروستبوونیان خۆیان بەدرێژكراوەی ئیخوان موسلمین دەزانن و لەرابردووشدا سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی ئەو حزبە لە بۆنەیەكی پارتەكەیدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە و ڕایگەیاند "شانازییە سەر بە مەدرەسەی ئیخوانین"، لە ئێستادا بێباكی خۆیان لە بڕیارێكی لەو شێوەیە دەخەنەڕوو و دەڵێن "لایەنێكی سەربەخۆین و پەیوەندیمان بە هیچ لایەنێكی دەرەكییەوە نییە و لە بڕیارەكەش ناترسین". . عومەر محەمەد، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی بە ناس كورد-ی وت "ئیمە وەك یەكگرتووی ئیسلامی سودمان لە هەموو جوڵانەوە ئیسلامی و عەلمانییەكانیش بیینوە لە دنیادا، بەڵام حزبێكی سەربەخۆین و هەڵقوڵاوی ناو خەڵكی هەرێمی كوردستانین و لە ڕابردوودا ئەوەمان سەلماندووە كە بەهیچ شێوەیەك نزیكی هیچ كارێكی توندوتیژی نەبووین و تەنانەت یەكێك بووین لەو لایەنانەی قوربانی دەستی كردەوە تیرۆرستییەكان بووین لە ڕابردوودا". . بە وتەی سەركردایەتییەكەی یەكگرتوو، لە بڕیارەكەی ترەمپ ناترسن و ئەوەی لە ڕابردوودا كردوویانە هەر ئەوە كار و بیركردنەوەی ئەوانە، لەسەر ئەوەش هەرچییان بەسەربهێندرێت ئامادەن قبوڵی بكەن. . کۆمەڵ: بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر ئێمە نابێت كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان هاوشێوەی یەكگرتوو خۆیان بە درێژەپێدەری كاری هیچ هێزێكی دەرەكی نازانن و لەو بڕوایەدان بڕیارەكە هیچ كاریگەییەكی لەسەر ئەوان نابێت. . فاروق عەلی، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە ناس كورد-ی وت "ئێمە هێزێكی نیشتیمانین و هەڵقوڵاوی خەڵكی هەرێمی كوردستانین و تا ئێستا لە كارەكانی خۆمان دڵنیاین و درێژەپێدەری كاری هیچ هێزێكی دەرەكی نین بۆیە بڕیارەكە هیچ كاریگەری لەسەر ئێمە نابێت". . نكوڵیكردنی پەیوەندیی و هاوسۆزی لەگەڵ ئیخوان موسلمین لە كاتێكدایە  رۆژی 17ی ئابی 2013  لەبەردەم پاركی شانەدەر یەكگرتووی ئیسلامی وكۆمەڵی ئیسلامی خۆپیشاندانێكیان بۆ پشتگیریكردن لە ئیخوان موسلمینی میسر  سازكرد. . "پێویستە پاشگرە ئیسلامییەکان لێبکەنەوە" چاودێرێكی سیاسی لەو بڕوایەدایە ئەگەرچی لایەنە ئیسلامییەكان لە هەرێم و جیهانیشدا گۆڕانكارییان بەسەر شێوازی كاری سیاسییاندا هێناوە، بەڵام پێویستە لایەنە ئیسلامییەكانی هەرێم زیاتر كاربكەنە سەر ڕۆح و فكر و ڕۆشنبیركردنی خەڵك. . ئەبوبەكر كاروانی چاودێری سیاسی بە پێویستیزانی پاشگری ئیسلامی بەناوی حزبە ئیسلامییەكانی كوردستانەوە لێبكرێتەوە، لەوبارەیەوە بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "پاشگری ئیسلامی شتێكی زیادەیە و پێویست نییە، نەك لەبەر ئەوەی ئیتر دژایەتی نەكرێن، بەڵكو لەبەر ئەوەی پێویستە گۆڕانكاری ڕیشەیی بەسەر خۆیاندا بهێنن، چونكە پێداویستییەكی گەشەكردنی خۆیان و خزمەتكردن بە كۆمەڵگاشە". . ناس كورد زانیوویەتی لە ئێستادا لەنێو كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامیدا پێشنیازێك هەیە بۆ لابردنی پاشگری ئیسلامی بەناوی ئەو دوو حزبەوە و لە كۆنگرە چاوەڕوانكراوەكەی ئەو دوو پارتە ئیسلامییەدا چاوەڕێ دەکرێت ئەو بابەتە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت. . .