گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێدوانى فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەبارەى گەشتەکانى تورکیا ’بڕیارمان بۆ نەهاتووە’

2020.10.15 - 11:51
لێدوانى فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەبارەى گەشتەکانى تورکیا  ’بڕیارمان بۆ نەهاتووە’

ناس کورد-

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایگەیاند، بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی توركیا و عێراق، تائێستا هیچ زانیارییەكی فەرمییان پێنەگەیشتووە كە ئەو گەشتانە لە چ فڕۆكەخانەیەكەوە و بۆ چ فڕۆكەخانەیەكە.

 

تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی (15ی تشرینی یەكەمی 2020) لەلێدوانێكى تایبەتدا بە ناس كوردى راگەیاند، هەرچەندە ئەمڕۆ دەسەڵاتی فڕۆكەوانەی مەدەنی عێراقی راگەیەنراوێكی سەبارەت بەدەستپێكردنەوەی گەشتی عێراق و توركیا دەركردووە كە گەشتەكان دەست پێدەكەنەوە، بەڵام ئەوان وەك فڕۆكەخانە هیچ زانیارییەكی فەرمییان بەدەست نەگەیشتووە كە ئەو گەشتانە لە چ فڕۆكەخانەیەكەوە بۆ چ فڕۆكەخانەیەكە.

 

ناوبراو روونیكردەوە، دەستپێكردنەوەی گەشتەكان دەوەستێتە سەر خشتەی ئەو گەشتانەی لەلایەن هێڵەكانی ئاسمانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەكانی عێراق دیاری دەكرێن، ئومێد دەكەین ئەو بڕیارە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانیشی تیا بێت، هەروەها ئەو حەوت گەشتەی دیاریكراوە تائێستا هیچ خشتەیەك لەلایەن فڕۆكەخانەكانی عێراقەوە دەرنەچوون.

 

(15ى تشرینى یەکەمى 2020) راگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عێراق رایگەیاند، گەشتەكانی نێوان عێراق و توركیا دەستپێكراوەتەوە و لەهەفتەیەكدا 7 گەشت بۆ ئەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت، ئەوەش لەكاتێكدایە رۆژی 2ی ئابی 2020، هێڵی ئاسمانیی عێراق لە ئاگاداركرنەوەیەكدا بڵاوی كردەوە "بەپێی ئەو ئاگاداركردنەوەی لە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عێراقیەوە بۆمان هاتووە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەكان بۆ توركیا هەڵوەشاونەتەوە".