گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئاڵای هەسەدە لەسەر گردی باغوز هەڵكرا

2019.03.05 - 12:04
ئاڵای هەسەدە لەسەر گردی باغوز هەڵكرا

 

 

هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەپێشڕەوییەكانیان بۆ رزگاركردنی گوندی باغوز لەژێر دەستی چەكدارەكانی داعش بەردەوامن ‌و لەو چوارچێوەیەدا ئاڵای هەسەدە لەگردی باغوز هەڵكرا.

 

ئاژانسی هاوارنیوز بڵاوی كردەوە، شەڕ‌ و پێكدادان لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات ‌و چەكدارەكانی داعش لەگوندی باغوز بەردەوامە‌و داعش لەرێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو‌و هێرشی خۆكوژییەوە هەوڵی رێگریكردن لە پێشڕەوی شەڕڤانانی هەسەدە دەدات.

 

بەپێی هەواڵی ئاژانسەكە، شەڕڤانانی هەسەدە ئاڵای هەسەدەیان لەسەر گردی گوندی باغوز هەڵكرد كە شەڕڤانان لە رۆژی 2ی ئاداری 2019 ئازادیان كرد.

 

جەختیش لەسەر ئەوە كراوەتەوە شەڕڤانان لەپێشڕەوییەكانیان لەناوچەكە بەردەوامن‌و سەركەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە.

 

هاوكات ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە رایگەیاند، شەڕڤانانی هەسەدە چەند ناوچەیەكی دیكەیان لە باغوز رزگار كردووە‌و زیانێكی زۆریان بە چەكدارەكانی داعش لەناوچەكە گەیاندووە‌و چەند رێگەیەكی سەرەكی ناوچەكەشیان دەستبەسەردا گرتووە كە داعش بەكاری دەهێنا.

 

بەپێی راگەیەندراوی ناوەندەكە، لەدوای ئەوەی هاونیشتیمانیان لەو گوندە رزگاركراون، هەڵمەتی كۆتایی هێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ لەناوبردنی چەكدارانی داعش بەتەواوەتی دەستی پێكردووە.

 

راگەیەندراوەكە ئاماژە بەوە دەكات کە شەڕ لەچەند میحوەرێكەوە لەنێوان هەسەدە‌و داعش بەردەوامە‌و چەكدارانی داعش لەناوچەیەكی بچووكدا ئابڵۆقە دراوون.

 

دوێنێ‌ (دووشەممە) هێزەكانی سوریای دیموكرات هەڵمەتە سەربازییەكەیان بۆ ماوەیەكی كاتی بۆ سەر گوندی باغوز راگرت بەئامانجی ئازادكردنی هاونیشتیمانانی گوندەكە‌و خۆ رادەستكردنی ژمارەیەك لە چەكداری داعش.