گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پلانی چاكسازی وەرەقەی سپی چییە؟ شارەزایەك ڕوونكردنەوە دەدات

2020.10.14 - 15:32
App store icon Play store icon Play store icon
پلانی چاكسازی  وەرەقەی سپی  چییە؟ شارەزایەك ڕوونكردنەوە دەدات

ناس کورد-

شارەزایەکى دارایی شیکردنەوە بۆ وەرەقە چاکسازییەکەى حکومەتى عێراق دەکات و دەڵێت، ئەگەر جێبەجێ نەکرێت ئەو وڵاتە لە داڕمانى ئابورى نزیکتر دەبێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

جەهانگیر گوڵپى، شارەزایی دارایی بە ناس کوردى ڕاگەیاند (14 تشرینی یەكەمی 2020)، وەرەقەى چاکسازیی لەرووى دیاریکردنى کێشە و چارەسەرەکان هاوشێوەى ئەو پلان و راسپاردانەى پێشووە کە دەیان ساڵە پێشکەشدەکرێت بۆ چارەسەرى کێشەى دارایی.

 

وتیشى "لەهەموو پلانەکانى دواى ساڵى 2003ەوە کێشەکان دەستنیشان کراوە کە بریتین لە پشتبەستنى سەرەکی بە نەوت، لاسەنگى پەیکەرى ئابورى نیشتیمانى، لاوازى سێکتەرەکان، زۆرى خەرجییەکان، لاوازى ئاستى بەرهەمهێنان، پشت بەستن بە هاوردە، لاوازى سیستەمى باج و چەندین کێشەى دیکە".

 

بەوتەى ئەو شارەزایە، چارەسەرەکانیش لە پلانەکانى پێشوودا باسکراوە، کە پێویستە خەرجییەکان کەم بکرێتەوە، واتە کەمکردنەوەى موچە و خەرجییەکان و بایەخدان بەکەرتى تایبەت و چارەسەرەکانى دیکە.

 

باسى لەوەشکرد، بەڵام جیاوازى ئەو وەرەقەیە لە پلانەکانى تر ئەوەیە ئەو چارەسەرانە بەشێوەیەکى رادیکاڵى بڕیاریان لەسەر دراوە کە لەماوەى سێ ساڵدا جیبەجێبکرێن، بۆ ئەوەش پێویستە سەرنج بخرێتە سەر ئەوەى ئایا دەتوانرێت جێبەجێبکرێت، کاردانەوە و کاریگەرییەکان چى دەبن.

 

دەشڵێت، "لە ساڵانى ڕابردوو و ئێستاش دەسەڵاتێکى وا نییە کە بتوانێت ئەو بڕیارە ڕادیکاڵانە جێبەجێ بکات و ڕوبەرڕوى ئاڵنگارییەکان ببێتەوە، لەبەر پەرتەوازەیی هێزەکان کە رێگە نادەن دەسەڵاتێکى حکومى لاواز بەرنامەیەکى گەورە و بڕیارى رادیکاڵانە جێبەجێ بکات، چونکە کاریگەرییەکى زۆرى دەبێت لەسەر کۆمەڵگا، ئەوەش لەلایەن هێزە سیاسیکانەوە دەقۆزرێتەوە".

 

ئەو شارەزایە پێیوایە، ئەگەر بتوانرێت بڕیارەکان جێبەجێبکرێن خاڵى ئیجابین، "بەڵام بەهۆى نەبوونى دەسەڵاتێکى بەهێزەوە زۆر زەحمەتە جێبەجێبکرێت، ئەگەریش جیبەجێ نەکرێن عێراق زیاتر نزیک دەبێتەوە لە داڕمانى ئابورى، لە دۆخێکى ئاوادا دەبێت چاەڕوانى موعجیزەى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت بکات". 

 

جەختیشیکردەوە، عێراق و هەرێم ئەگەر هەنگاوى جدى نەنێن بۆ کۆنتڕۆڵى داهات و کەمکردنەوەى خەرجییەکان، رۆژ بە رۆژ لە داڕمانى ئابورى نزیکدەبنەوە.

 

ناس کورد دەقى (13ی تشرینی یەکەمی 2020) وەرەقەى سپى چاکسازیی بڵاوکردەوە کە لەلایەن حکومەتى عێراقەوە ئامادەکراوە بەمەبەستى ئەنجامدانى چاکسازیی گشتگیر.    

  

ئامانج لەو وەرەقە چاکسازییە بەپێی دەقەکەى، گەڕانەوەى هاوسەنگییە بۆ ئابورى عێراق، دانانى لەسەر ڕێڕەوێک کە رێگە بە دەوڵەت بدات هەنگاوى گونجاو بگرێتەبەر لەداهاتوودا بۆ گەشەپێدانى بوارى ئابورى و هەمەچەشنکردنى.     

  

وەرەقەکە رونگەى تایبەتى لەخۆ گرتووە لەبارەى کەرتى تایبەت، کاراکردنى وەبەرهێنان، باشکردنى ژینگەى وەبەرهێنان، پێداچونەوە بە هەیلکەلیەتى کۆمپانیاکانى دەوڵەت، دۆسیەى کارەبا.    

  

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق (12ی تشرینی یەکەمی 2020) بە زمانی کوردی تویتێکی کرد و باسى لە "وەرەقەی سپی" چاکسازی کرد.      

  

کازمی لە تویتەکەیدا (12ی تشرینی یەکەمی 2020) نوسیویەتی، "پلانی چاکسازی "وەرەقەی سپی" کە پێشکەشی هێزە سیاسیەکانمان کرد، پڕۆژەی چارەسەری قەیرانی درێژخایەنی بەڕێوەبردنی ئابوری و پشت بەستنە تەنها بە نەوت و جۆراوجۆرنەکردنی سەرچاوەکانی داهات، برایانی هێزە سیاسیەکان بە هەند وەریان گرت و تێزەکانی بەرپرسانەن بۆ گەلەکەمان و جێگای ستایشن."