ناس کورد-
وتەبێژى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، لەکۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى روبەڕووبونەوەى کۆرۆنا بڕیاردراوە سزاى ئەو کەسانە بدرێت کە دەمامک ناپۆشن و دواتر وردەکاریی لەو برەیەوە بڵاودەکرێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جوتیار عادل لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسدا ڕایگەیاند (14 تشرینی یەكەمی 2020) لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە لەسەر کاراکردنى ژورى ئۆپراسیۆنى سەرجەم پارێزگاکان بۆ گرتنەبەرى رێکارى پێویست لەو بارەیەوە
وتیشى لەسەرەتاى مانگى داهاتوو جارێکى تر رەوشى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا هەڵدەسەنگێنن و دواتر بڕیارى نوێ دەدەن لەبارەى کەرەنتین یاخود نا.
جوتیار عادل باسى لەوەشکرد، هەروەها بڕیاردراوە رێکارەکان توندتر بکرێن بۆ پاراستنى تەندروستى هاوڵاتییان، بەلەبەرچاوگرتنى بژێوى خەڵک.
کۆوبوونەوەى لیژنەکە دواى هەڵکشانى دوبارە خێراى ئامارەکانى توشبوون و مردن هات بە کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان، لەگەڵ هاتنى وەرزى پایز.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا (14ی تشرینی یەکەمی 2020) وتی "ئاسایی بوونەوەى ژیان بە ڕێکاری خۆپارێزی باشترە لە ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ، چونکە قەدەغەی هاتوچۆ پێویستی بە بریاری زۆرتر و گەورەتر هەیە."
هاوکات سەباح زێبارى، سەرۆکى لیژنەى تەندروستى لە پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردى راگەیاند، "گەڕانەوە بۆ بڕیارى قەدەغەى هاتوچۆ مەحاڵە، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان بڕیارەکان بدرێنە دەست ئیدارە و پارێزگاکان بۆ گرتنەبەرى هەر بڕیارێک".
وتیشى، "لەئێستادا تاکە چارەسەر خۆپاراستنى خەڵک و پابەندبونیانە بەدورکەوتنەوەى کۆمەڵاتى و هۆشیارکردنەوەى بەردەوامى خەڵک لەبارەى ڤایرۆسەکەوە".
زێبارى ئاماژەى بەوەشکرد، هەرێمى کوردستان بەردەوامە لە زیادکردنى تواناى نەخۆشخانەکان بۆ ئەوەى شوێنى زیاتر دابین بکات بۆ ئەو توشبووانەى کە پێویستیان بە ئامێرى هەناسەدان و ژورى چاودێرى چڕە.